تاران بۆ به‌غدا: رێگه‌ نەدەن هەرێمی کوردستان ببێتە بنکەی هێزە چەکدارەکانی دژ به‌ ئێران

ناسر كه‌نعانی، گوته‌بێژی به‌ ناوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران
ناسر كه‌نعانی، گوته‌بێژی به‌ ناوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران

K24 – هه‌ولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، داوای لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ کرد، رێگه‌ نەدەن هەرێمی کورستان وەک بەشێک لە خاکی عێراق ببێتە بنکەی هێزە چەکدارەکانی دژ به‌ ئێران، بۆ ئەوەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر خاکی ئێران و ئاسایشی هاووڵاتیان دروستبکەن.

ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، له‌ میانه‌ی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی رایگه‌یاند، حکومەتی عیراق بەڵێنی بە ئێران داوە ئەم کێشەیە چارەسەربکات و ئێستا ئێران چاوەڕێی ئەوەیە بەڵێنەکەیان جێبەجێبکەن.

کەنعانی گوتیشی: "پێشتر حکوومەتی ناوەندیی عێراق و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانمان ئاگادارکردبووەوە، کە لەبەشێک لە خاکی هەرێمی كوردستان وەک بنکە بۆ کردەوەی سەربازی و ئەمنی لە دژی حکوومەت، خاک و هاووڵاتیانی ئێرانی به‌كاردێت".

ده‌شڵێت:  "ئێمە بۆ پاراستنی سنوورەکانمان و هاووڵاتیانمان هەنگاومان نا، کارەکەشمان بە گوێرەی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان بوو، پاش هێرشەکەش لەسەر داوای حکوومەتی ناوەندیی عێراق هەفتەی رابردوو لە بەغدا کۆبووینەوە".

كه‌نعانی داوای له‌ حکوومەتی عێراق كرد، رێگه‌ نەدا خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە بنکەی گرووپە دوژمنکارە جوداییخوازەکانمان و بەشێک لە خاکی عێراق بۆ هێرشکردن بۆ سەر خاکی ئێران  و ئاسایشی هاووڵاتیان و سنوورپارێزانمان بەکاربهێنرێت.

روونیشیكرده‌وه‌، لایەنی عێراقی بەڵێنی پێویستیان لەمبارەیەوە داوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرەڕای ئەوەی ئامادەیە بۆ ئەوەی رووبەڕووی هەر جووڵە و کردەوەیەکی نایاسایی ئەو گرووپانە ببێتەوە، چاوەڕێی حکوومەتی عێراقه‌ بەڵێنەکانی بباتە سەر و ئاسایش لە سنوورەکانی دوو وڵات دابینبکات.