لەسەر تێکدانی ژینگە پێنج هاووڵاتی لە سێ ناوچەی جیاوازی پارێزگای سلێمانی دەستگیرکران

"دووانیان لە شارباژێر ژینگەیان تێکداوە، دووانی دیکەیان داریان بڕیوە و ئەوەی دیکەشیان راوی کردووە"

K24 - سلێمانی:

پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە چەند چالاکییەکیدا دەستگیرکردنی پێنج هاووڵاتی راگەیاند، کە لە سنووری قەزاکانی شارباژێڕ و سەیدسادق بوونەتە هۆی تێکدانی ژینگە.

ئەمڕۆ سێشەممە (11ی تشرینی یەکەمی 2022) بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، "لە ئەنجامی دەرچوونی مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی دارستانی شارباژێڕ، بۆ سنووری گوندی (هۆمەر ئاغا)ـى سەر بە ناحیەى سیتەک، توانیان دوو هاووڵاتی بە تۆمەتی شێواندنی سروشت و ژینگە دەستگیربکەن، هاوکات توانرا دەست بگیرێت بەسەر یەک  حەفارە و یەک گەڵابەدا، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دۆسیەکە رێکخراوە و رادەستی دادوەر کراوە، بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی".

لەبارەی چالاکی دووەمییەوە، پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەڵێت "بەشى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سەیدسادق، بەهاوبەشی لەگەڵ بنکەى بەرزنجە دەرچوون بۆ گوندى هەنار سەربەناحیەى بەرزنجە، توانیان دوو هاووڵاتى دەستگیربکەن، کە سەرقاڵى داربڕین بوون، هاوکات دەستگیرا بەسەر یەك ئۆتۆمبێل و چەندین دارى بڕاودا، پەڕاوی لێکۆڵینەوە رێکخراوە و رادەستی دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی".

هەر لە سنووری قەزای سەیدسادق، پۆلیسی دارستان لە سنووری گوندی (سۆیلەمیش)، هاووڵاتییەکیان دەستگیرکردووە کە بە تاپڕ سەرقاڵی راوکردن بووە و پۆڕێکی کوژراو و چەکەکەشی دەستی بەسەرداگیراوە.