ستۆلتنبێرگ: سه‌ركه‌وتنی رووسیا شكستیی ناتۆیه
K24 – هه‌ولێر:
سكرتێری گشتیی په‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ)، یێنس ستۆلتنبرگ، رایگه‌یاند، ناكرێت ڕێگه به سه‌ركه‌وتنی رووسیا له ئۆكرانیا بدرێت، چونكه ئه‌وه مانای شكستهێنانی ناتۆ ده‌گه‌یه‌نێت.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، ستۆلتنبرگ، وتی: دڵنیام رووسیا چه‌كی ناووكی له ئۆكرانیا به‌كار ناهێنێت.
وتیشی: پێویسته وڵاتانی ناتۆ له ئاستیی هه‌ڕه‌شه‌كانی رووسیا چاو كراوه بن.
روونیكرده‌وه، ناتۆ له ڕاهێنانه‌كانی ساڵانه‌یدا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ناووكی هه‌نگاوی بۆ پێشه‌وه ناوه، به‌ڵام دواخستن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و راهێنانانه، ئاماژه‌یه‌كی هه‌ڵه ده‌داته مۆسكۆ.
ستۆلتنبرگ، ئه‌وه‌یشی وت: هێزی سه‌ربازی ناتۆ باشترین رێگه‌یه بۆ رێگرتن له هه‌ر گرژییه‌ك له‌گه‌ڵ ڕووسیا.
دووپاتیكرده‌وه، ناتۆ ئاماده‌یه كۆبوونه‌وه‌یه‌كی لوتكه‌یی له ڕێگه‌ی ڤیدیۆ كۆنفرانسه‌وه ببه‌ستێت، ئه‌گه‌ر پێویست بكات و ده‌كرێت له كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی هاوپه‌یمانییه‌كه بڕیاری له باره‌وه بدرێت.