تورکیا دەیەوێت سزای 15 ساڵ زیندانی بەسەر سەمرا گوزەل بسەپێنێت

سەمرا گوزەل پەرلەمانتاری هەدەپە
سەمرا گوزەل پەرلەمانتاری هەدەپە

K24 – هەولێر

بەتۆمەتی پەیوەندیی لەگەڵ پەکەکە، لە داواکاری گشتی تورکیا هەوڵدەدرێت سزای 15 ساڵ زیندانی بەسەر سەمرا گوزەل، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)دا بسەپێندرێت.

رۆژی 2/9/2022، سەمرا گوزەل پەرلەمانتاری هەدەپە لە دیاربەکر، بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە لەکاتی چوونی بۆ پارێزگای ئەدیرنە دەستگیرکرا و رۆژی دواتر گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئیستانبوڵ.

لەکاتی دەستگیرکردنی میدیای فەرمی تورکیا رایگەیاند "سەمرا گوزەل بە نیازبووە بەرەو دەرەوەی تورکیا رابکات، لەکاتی دەستگیرکردنیشی ناسنامەی ساختەی پێبووە، رەنگی قژی گۆڕیوە و ماسکی بەستووە".

بەگوێرەی میدیای فەرمی تورکیا "لەکاتی کوژرانی چەند چەکدارێکی پەکەکە لەمیانی پشکنینی ئامێرە دیجیتاڵییەکان، هەندێک وێنەی سەمرا گوزەل لەگەڵ چەکدارێکی پەکەکە بەناوی ڤۆڵکا بۆرای ناسراو بە (مەلاتی زولفیکار) دۆزراوەتەوە، وێنەکان لە یەکێک لە بارەگانی پەکەکە گیراون".

ئەو سکاڵایە دژی سەمرا گوزەل، لەلایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی پەرلەمانتاران-ی سەر بە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ئەنقەرە، ئامادە کراوە و لەلایەن دادگای سزادانی ئەنقەرەوە پەسەند کراوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو چەکدارەی پەکەکە لە 29ی نیسانی 2017دا لە گوندی ئاکچاڵیی سەر بە پارێزگای ئادیامان کوژراوە.

بەگوێرەی ئەو سکاڵایەی لە دژی تۆمارکراوە و سەمرا گوزەل تۆمەتبارە بە ئەندامبوونی لە پەکەکە، هەروەها دوای هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانتاری لەسەری، ناسنامەیەکی ساختەی بە ناوی "مەهتاب شاهان" بەکارهێناوە و بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە شێوە و جلوبەرگی خۆی گۆڕیوە. دوای خستنەرووی سکاڵانامە لە دژی داوای سزای زیندانی سەمرا گوزەل کراوە کە ماوەی سزاکەش لە حەوت ساڵ و شەش مانگەوە بۆ 15 ساڵە.