کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستی توندتر بەرانبەر بە رووداوەکانی ئێران وەردەگرێت

خۆپیشاندانەکانی ئێران
خۆپیشاندانەکانی ئێران

K24 - هەولێر:

دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی کە لەلایەن هێزی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تارانەوە دەستبەسەرکرابوو، نزیکەی مانگێکە خۆپیشاندان لە چەندین شار و شارۆچکەی ئێران بەردەوامە و کۆمەڵەگەی نێودەوڵەتیش تا دێت هەڵوێستەکانی بەرانبەر بە رووداوەکانی ناوخۆی ئێران توندتر دەبێت.

وڵاتانی جی حەوت داوا لە کۆماری ئیسلامیی ئیران دەکەن کۆتایی بە سەرکوتکردن و توندوتیژی لە دژی خۆپێشاندەران بهێنێت.

وەزیرانی کاروباری ژنانی وڵاتانی جی حەوت لە پاش کۆبوونەوەیان لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، بە بڵاوکردنەوەی راگەیاندراوێک جەختیان لەوەکردەوە کە مافی ژنان لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤدایە و داواشیان لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کرد پابەندی ئەو یاسا نێودەوڵەتییانە بن کە جەخت لەسەر یەکسانی و مافەکانی ژنان دەکەنەوە.

لە راگەیاندراوەکەی گرووپی جی حەوت دا داوا کراوە کۆماری ئیسلامیی ئیران کۆتایی بە هەر جۆرە سەرکوتکردن و توندوتیژییەک لە دژی هاووڵاتیانی خۆی و بە تایبەت لە دژی کچان و ژنان بهێنێت.

وڵاتانی ئه‌ندام له‌ گروپی (G7) پێکهاتوون لە (ئەمەریکا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ژاپۆن، کەنەدا، بەریتانیا و ئیتاڵیا).

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا

سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، بە رووداوەکانی ئێران سەرسامە و بە گوێرەی ئەو ئەزموونەی لە بواری کاری سیاسیدا هەیەتی پێیوایە "شتێك لە ئێران لە خەو هەستاوە کە بەم زووانە کۆتایی پێ نایەت".

بایدن بە جەخت کردنەوە لەسەر مافی ژنان بۆ ئازادیی جلوبەرگ داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کۆتایی بە سەرکوتی خۆپێشاندەران بهێنێت.

یەکێتیی ئەوروپا

یەکێتیی ئەوروپا 15 ناوەند و بەرپرسی باڵای سەربازی و ئەمنی ئێران دەخاتە لیستی گەمارۆکانەوە.

یەکێتیی ئەوروپا رۆژی دووشەممە لەبارەی بەردەوامی خۆپیشاندانەکان لە ئێران کۆدەبێتەوە و 11 بەرپرسی سەربازی و ئەمنی و 4 ناوەندی سەر بە سوپای پاسداران دەخاتە لیستی گەمارۆکانەوە.

لە رەشنووسی گەمارۆکانی یەکێتیی ئەوروپادا هاتووە، "بەهۆی سەرکوتی خۆپیشاندەران و توندوتیژی بەرانبەریان، گەمارۆی نوێ بەسەر پۆلیسی ئەمنیەتی، رێکخراوی بەسیج، ناوەندی بەرگری سایبێری سوپای پاسداران و فەرماندەکانی هێزە ئینتزامییەکانی ئێران دەسەپێنن". هاوکات ناوی 11 بەرپرسی باڵای ئەمنیی و سەربازی ئێرانیش لە لیستی گەمارۆکانی یەکێتی ئەوروپادایە.

هەر لەهەمان رۆژدا، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، بەهۆی بەشداریی درۆنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئیران لە شەری ئوکرانیا، پڕۆژەیەک بۆ سەپاندنی گەمارۆی نوێ لە دژی ئەم وڵاتە تاوتوێ دەکەن. لە بەرانبەریشدا هەر یەک لە ئێران و رووسیا رەتیان کردووەتەوە کە رووسیا لە دژی ئوکرانیا درۆنی ئێرانیی بەکارهێنابێت.

پێشتریش کەنەدا 11 بەرپرسی ئێرانی خستبووە لیستی گەمارۆکانییەوە، ئەمەش بەهۆی شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ خۆپیشاندانەکان.