ئەمەریکا: ئێران بەرپرسیارە لە پاراستنی گیانی ئەمەریکییە زیندانیکراوەکانی ئێڤین
K24 - هەولێر:
لە ئەنجامی ئاڵۆزی و ناڕەزایەتییەکانی زیندانی ئێڤینی تاران، هەشت کەس برینداربوون وئەمەریکاش هۆشداری دەدات کە ئێران بەرپرسیارە لە گیانی هاووڵاتییە ئەمەریکییە زیندانیکراوەکانی ئێڤین.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لەناو زیندانی ئێڤینی تاران و شەڕە تەقەی دەورووبەری زیندانەکە. نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، ئێران بەرپرسیارە لە پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی ئەمەریکا، کە لەو زیندانە بەندکراون.
گوتیشی: هیچ بیانوویەک نییە بۆ گرتنی ئەو هاووڵاتییانە و پێویستە دەستبەجێ ئازاد بکرێن و گیانیشیان پارێزراو بێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەختیشیکردەوە لەوەی، بە خێرایی بەدواداچوون بۆ راپۆرت و پێشهاتەکانی ئەو هەواڵە دەکەن.
درەنگانی شەوی رابردوو وا بڵاوکرایەوە کە ئاگرێکی گەورە لە زیندانی ئێڤین کەوتووەتەوە و دەنگی تەقەیەکی زۆریش بیستراوە، دوای ئەوەش، ئاژانسی ئێرنای فەرمی ئێران رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو دۆخەی زیندانی ئێڤین، هەشت کەس برینداربوون و زیندانیکراوان وەک پاڵپشتییەك لە خۆپیشاندانەکان دەستیان کردبوو بە ناڕەزایی دەربڕین. بەڵام هیچ کەسێک گیانی لەدەست نەداوە و دۆخەکە کۆنتڕۆڵکراوە.
گرتووخانهی ئێڤین بهناوبانگترین گرتووخانهی ئێرانە، ژمارهیهك لە بهناوبانگترین چالاکوان و پارێزەرانی ئێران لەم گرتووخانهدا زیندانیكراون، زیندانەکە ساڵی 1971 لە سەردەمی محەممەدڕەزا پەھلەوی وەک شوێنی زیندانییانی سیاسی دروستكرا.