حزبێکی فەرمیی ئێران داوای راپرسی لەسەر دەستووری هەمیشەیی دەکات

لۆگۆی حزبی مەردوم سالاری
لۆگۆی حزبی مەردوم سالاری

K24 – هەولێر

حزبی (مەردوم سالاری) داوای هەموارکردنەوە و بەڕێوەچوونی راپرسی لەسەر دەستووری هەمیشەیی ئێران دەکات و پێیوایە "ئەمە باشترین رێگەیە بۆ دەربازبوون لە بنبەستی سیاسی".

ئەو حزبە کە ساڵی ١٩٩٩ بە شێوەیەکی فەرمی لە ناو ئێران دامەزراوە و ئێستاش لە چالاکی سیاسی بەردەوامە، رۆژی 15ـی تشرینی یەکەم، لە بەیاننامەیەکدا لەگەڵ ئاماژەدان بە هەمواری دەستووری هەمیشەیی وڵات دوای کۆچی دوایی ئایەتوڵا خومەینی، رایگەیاندووە "ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێ بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخ و هاوتەریب لەگەڵ خواستی نوێی خەڵک، پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە".

لە بەیاننامەی ئەو حزبەدا هاتووە، "تەنها بە بەڕێوەچوونی ریفراندۆم بۆ هەمواری دەستووری هەمیشەیی و گونجاندنی لەگەڵ خواستی خەڵک و روونکردنەوەی ماددە و خاڵە ناڕوونەکان، دەتوانین هیوامان بە گۆڕانی دۆخ، رەزامەندی خەڵک و دروستکردنی هیوا بۆ ئاییندە، هەبێت."

حزبی (مەردوم سالاری)، حزبیکی زۆر بە ناوودەنگ و خاوەن پێگەیەکی سیاسی دیار لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێراندا نییە، بەڵام بەیاننامەکەی لەو روانگەیەوە گرنگە کە یەکەم حزبی فەرمیی ئێرانە لەو دۆخەدا، هەڵوێستی لەو جۆرەی گرتووە.

ئەو حزبە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستا ئێران، 10 پێشنیاری دیکەی کردووە و لەوانە "دەست لەکار کێشانەوەی وەزیری ناوخۆ، لادان و دادگاییکردنی هەموو ئەو کەسانەی دەستیان لە مردنی ژینا ئەمینیدا هەبووە، دیاریکردن و سزادانی هێرشبەرانی سەر زانکۆی شەریف، هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، ئازادکردنی بەندکراوانی بێتاوان و بە تایبەت رۆژنامەنووسان و قوتابیان، ئاساییکردنەوەی دۆخی خزمەتگوزاریی هێڵی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان".

دەستووری هەمیشەیی ئێران کە لە 14 بەش و 177 ماددە پێکدێت، بۆ یەکەمجار ساڵی 1979 پەسندکرا و دە ساڵ دواتر هەموار کرا، پۆستی سەرۆکوەزیران نەما و ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی بە سەرۆککۆمار درا.

کاردانەوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر بە کوژرانی ژینا ئەمینی بەردەوامە و خۆپێشاندانەکان پێی نایە هەفتەی پێنجەمی خۆی. مامۆستایانی ئایینی رۆژهەڵاتی کوردستانیش کاردانەوەیان بەرامبەر بە رووداوەکان نیشان دا. 266 مامۆستای ئایینی شار و شارۆچکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، پشتگیری "تەواو"ـی خۆیان لە داوا رەوا و یاساییەکانی خەڵک دەربڕی و کوشتن و دەستگیرکردنی خۆپێشاندەرانیان بە توندی سەرکۆنەکرد. لەو بەیاننامەیەدا سەبارەت بە کوژرانی خۆپێشاندەران و داواکاری خەڵک، هاتووە: موڵکداری لەگەڵ کوفر دەمێنێتەوە، بەڵام لەگەڵ زاڵم نامێنێتەوە.

بەشێک لە داوای ئەو مامۆستایانە، جێبەجێکردنی چەند ماددەیەکی دەستووریی هەمیشەیی ئێران بوو، ئەو ماددانە بریتی بوون لە 12، 15، 19، 23، 27 و 37.