ئەمەریکا داوای کشانەوەی چەکدارانی تەحریر شام لە شاری عەفرین دەکات

"لە جووڵەکانی ئەمدواییەی چەکدارانی تەحریری شامی تیرۆریست لە باکووری حەلەب نیگەرانین"
م
م

K24 – هەولێر

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داوای لە چەکدارانی تەحریر شام کرد، لە شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی باکووری حەلەب بکشێنەوە. هاوکات ئەمەریکا داوای پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیانی سڤیلی کرد.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە دیمەشق، ئەمڕۆ (سێشەممە 18ـی تشرینی یەکەم) لە تویتێکدا هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە شەڕی نێوان چەکدارانی تەحریر شام و گرووپەکانی سەر بە سوپای نیشتمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سوریای لە عەفرین و ناوچەکانی باکووری حەلەب، ئاشکراکرد.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا نووسیویەتی: ئێمە لە جووڵەکانی ئەمدواییەی چەکدارانی تەحریری شامی تیرۆریست لە باکووری حەلەب نیگەرانین و پێویسیتە ئەو چەکدارانە بەزووترین کات لەو ناوچانە بکشێنەوە.

هەروەها هاتووە، "ئەمەریکا لە توندوتیژییەکانی ئەمدواییەی باکووری رۆژئاوای سووریا زۆر نیگەرانە. پێویستە هەموو لایەنەکان سەر و ماڵی هاووڵاتیان بپارێزن".

چەند رۆژێکە چەکدارانی تەحریری شام بۆ پشتیوانی لە گرووپەکانی (سوڵتان سلێمان شا) و (هەمزات)، چوونەتە ناو عەفرین و ناوچەکانی دەوروبەری، هەر بۆیە گرووپی (فەیلەقی سێیەم) بە ناچاری لەو شوێنانە کشایەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی روانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ، تا ئێستا 58 کەس و لەوانە 10 هاووڵاتی سڤیل لە شەڕی نێوان چەکدارانی تەحریری شام و فەیلەقی سێیەم لە عەفرین و ناچەکانی دەوروبەری حەلەبدا، گیانیان لەدەستداوە.