نوێنەری سنە لە پەرلەمانی ئێران: کورد ئاژاوەگێڕ نییە

"ئاژاوەگێڕی سەرکۆنە دەکەین، بەڵام پشتگوێخستنی داواکاری کورد زۆر زیاتر سەرکۆنە دەکەین"
مەهدی فەرشادان، نوێنەری شارەکانی سنە و دیواندەڕە و کامیاران لە ئەنجوومەنی شوڕای ئیسلامی ئێران
مەهدی فەرشادان، نوێنەری شارەکانی سنە و دیواندەڕە و کامیاران لە ئەنجوومەنی شوڕای ئیسلامی ئێران

K24 – هەولێر

مەهدی فەرشادان، نوێنەری شارەکانی سنە و دیواندەڕە و کامیاران لە ئەنجوومەنی شوڕای ئیسلامی ئێران، هاوکات لەگەڵ رەخنەگرتن لە فەرامۆشکردنی کوردستان لەلایەن بەرپرسانەوە و دووپاتکردنەوە لەوەی کە "کورد ئاژاوەگێر نییە"، گوتی: ئاژاوەگێڕی سەرکۆنە دەکەین، بەڵام پشتگوێخستنی داواکاری کورد زۆر زیاتر سەرکۆنە دەکەین.

مەهدی فەرشادان لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی (18ـی تشرینی یەکەم) ئەنجوومەنی شوڕای ئیسلامیی ئێران، لەگەڵ ئاماژەدان بە رووداوەکانی ئەمدواییەی پارێزگای سنە و قسەکانی عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی نەتەوەی کوردەوە، گوتی: هیچ کاتێک شارستانییەتی پێشکەوتووی کورد لەگەڵ ئاژاوە هاوتەریب نەبووە، لە راستیشدا کوردەکان بە درێژایی مێژوو ئاژاوەگێڕ نەبوونە و نابن".

بە گوێرەی ئاژانسی دەنگوباسی (ئیسنا)ـی ئێرانی، ئەو پەرلەمانتارە کوردە لەگەڵ دووپاتکردنەوە لەوەی "دەسەڵات لە بەشی پەرەپێدانی ئابووری و ژێرخان، قەرزدای کوردستانە"، رایگەیاندووە: ئاژاوەگێڕی سەرکۆنە دەکەین، بەڵام پشتگوێخستنی داواکاری کوردان زۆر زیاتر سەرکۆنە دەکەین. هەر لێرەوە چەندین جار گوتوومە کە کوردستان پێویستی بە جیاکاری ئەرێنی هەیە. پارێزگای کوردستان [سنە] بێکارترین پارێزگایە لەسەر ئاستی وڵات و بەدەست لاوازیی ژێرخانەوە دەناڵێنێت. من رەخنەم لە پەراوێزخستنی دەستەبژێرەکان و سووننە لە ئاستی پارێزگا و نەتەوەدا گرتووە".

مەهدی فەرشادان، هەروەها داوای لە دەسەڵاتی دادوەری ئێران کرد، ئەو گەنجانەی لە میانەی خۆپێشاندانەکانی سنە بۆ سەرکۆنەکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی گیراون، ئازاد بکرێن.