ئۆکرانیا: زیاتر لە 200 درۆنی ئێرانیمان خستووەتەخوارەوە

پاشماوەی درۆنێک کە لە لایەن سوپای ئۆکرانیاوە خراوەتەخوارەوە
پاشماوەی درۆنێک کە لە لایەن سوپای ئۆکرانیاوە خراوەتەخوارەوە

K24 – هەولێر

سوپای ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکرد، لە ماوەی پێنج هەفتەی رابردوودا، 223 فرۆکەی بێفرۆکەوانی ئێرانیان خستووەتەخوارەوە.

ئەمڕۆ (چوارشەممە 19ـی تشرینی یەکەم) سوپای ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "رۆژی 13ـی ئەیلول یەکەم درۆنی ئێرانی لە جۆری (شاهید - 136)ـمان خستەخوارەوە و لەو کاتەوە تا ئێستاش توانیومانە 223 درۆنی ئێرانی بپێکین".

رۆژی 17ـی تشرینی یەکەم، سوپای رووسیا هێرشێکی درۆنیی فراوانی کردە سەر چەند ناوچەیەکی ئۆکرانیا و ئەمەش کاردانەوەی توندی ئەو وڵاتە و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی لێکەوتەوە و ئێران بە فرۆشتنی درۆن بە رووسیا تۆمەتبارکرا.

ڤۆلۆدێمیر زێلێنسکی، سەرۆککۆماری ئۆکرانیا دوای ئەو هێرشانە دووپاتیکردووەتەوە، "هێرشەکان لە رێگەی درۆنی ئێرانییەوە بووە".

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بەو لێدوانانە، دووپاتی لە "بێلایەنی" خۆی لە شەڕی ئۆکرانیادا کردەوە و گوتی، چەکی نە بۆ رووسیا ناردووە نە بۆ ئۆکرانیا.

لەلایەکی دیکەوە نوێنەری ئۆکرانیا لە نامەیەکدا داوای لە شارەزایانی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە،  سەردانی ئەو وڵاتە بکەن و "ئەو فرۆکە ئێرانیانەی خراونەتە خوارەوە" و رووسیا بۆ پێکانی ئامانجەکانی لە ئۆکرانیادا بەکاری هێناون، بە چاوی خۆیان ببینن.

هەر پەیوەست بەو پرسە، بڕیارە نوێنەرانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەمەریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی ئەنجوومەنەکەدا پرسی ناردنی چەک لە ئیرانەوە بۆ رووسیا و بەکارهێنانیان لە شەرێ ئۆکرانیادا، بخەنەبەرباس.

ئاژانسی دەنگوباسی رۆیتەرز، بڵاویکردووەتەوە کە کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ (چوارشەممە 19ـی تشرینی یەکەم) دەکرێ و لەسەر زاری دیپلۆماتکارێک دەڵێ: بەریتانیا، فەرەنسا و ئەمەریکا پێیانوایە ناردنی ئەو چەکە ئێرانیانە بۆ رووسیا، پێشێلکردنی بڕیاری 2231ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە و داوا دەکەن لەوبارەیەوە زانیاریی بە ئەندامەکان بدرێت.