داوای دەرکردنی ئێران لە کۆمیسیۆنی ژنانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکرێت

خۆپێشاندانەکانی ئێران
خۆپێشاندانەکانی ئێران

K24 – هەولێر

چاودێری نەتەویەکگرتووەکان لە ئەنجوومەنی ئابووری – کۆمەڵایەتی، داوای دەرکردنی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە کۆمیسیۆنی ژنانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات.

چاودێری نەتەوەیەکگرتووەکان کە رێکخراوێکی سەربەخۆیە و لە وڵاتی سویسرایە و وەک راوێژکاری ئەنجوومەنی ئابووری – کۆمەڵایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان کار دەکات، لە پڕۆژە بڕیارێکدا داوای لە ئەنجوومەنەکە کردووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆمیسیۆنی ژنانی ئەنجوومەن، دەربکات.

هەنگاوی دواتر، پەسندکردنی پڕۆژەبڕیارەکەیە لەلایەن ئەنجوومەنی ئابووری – کۆمەڵایەتیی ریکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان.

لە بەیاننامەی رێکخراوی چاودێری نەتەوەیەکگرتووەکاندا هاتووە، "پەیوەندیمان بە ئانتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گرتووە تا ئەو وڵاتە، پڕۆژەبریارەکە پێشکەش بکات".

ئەنجوومەنی ئابووری – کۆمەڵایەتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە 54 وڵات و لەوانە ئۆسترالیا، بەلجیکا، کەنەدا، ئیتالیا، ژاپۆن، کۆریا، پورتەگال، بەریتانیا و ئەمەریکا پێکهاتووە.

لە بەیاننامەکەدا هاوکات لەگەڵ ئاماژەدان بە خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییەی ئێران و سەرکوتکردنیان لەلایەن هێزی ئەمنی ئێران، نیگەرانیی ئەنتۆنیۆ گوتێرێس لەو بابەتە و بڕیارنامەی 177/76ـی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کانوونی یەکەمی 2021 لەبارەی دۆخی خراپی مافی مرۆڤ لە ئێران، داوا لە ئەنجوومەنی ئابووری – کۆمەڵایەتی ریکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کراوە "لە زووترین کاتدا بریاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئەنجوومەنەکەدا رابگەیەندرێت".

هەروەها داواکراوە بە ئێران بگوترێت، "لە زووترین کات کۆتایی بە توندوتیژی دژی ژنان بهێندرێت و تەواوی یاساکانی دژ بە ژنان هەڵبوەشێنێتەوە".

هاوکات چاودێری نەتەوەیەکگرتووەکان داوای لە ئەنتۆنیۆ گوتێرێس کردووە، "درێژە بە چاودێریکردنی دۆخی ئێران بدەن و بە تەواوی شێوەکان هاوکاری ژنان و کچانی ئەو وڵاتە بن و لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، راپۆرتێک بۆ ئەنجوومەنی ئابووری – کۆمەڵایەتی ریکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانی ساڵی 2023 ئامادە بکات.