ئێران داوا لە ھاووڵاتییانی دەكات بەپەلە ئۆكرانیا جێبھێڵن

دیمه‌نێكی كیێڤ
دیمه‌نێكی كیێڤ

K24 – هەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، داوا لە ھاووڵاتیانی دەكات، سەردانی ئۆكرانیا نەكەن.

ئەمڕۆ (ھەینی 21ـی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ر 2022)، وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە راگەیه‌ندراوێكدا، داوای لە ھاووڵاتیانی خۆی كرد، بە ھیچ شێوەیەك سەردانی ئۆكرانیا نەكەن.

داواش لەو كەسانە دەكات كە ئێستا لەوێن، بەزووترین كات پەیوەندی بە باڵوێزخانەی ئێران لە كیێڤەوە بكەن.

لەراگەیاندراوەكەدا ھاتووە: دۆخەكە لە ئۆكرانیا ئاڵۆزەو بەھۆی چڕبوونی شەڕەكە مەترسییە بۆ سەر ھاووڵاتییانیان.

رۆژی 17ـی تشرینی یەکەم، سوپای رووسیا هێرشێکی درۆنیی فراوانی کردە سەر چەند ناوچەیەکی ئۆکرانیا و ئەمەش کاردانەوەی توندی ئەو وڵاتە و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی لێکەوتەوە و ئێران بە فرۆشتنی درۆن بە رووسیا تۆمەتبارکرا.

ڤۆلۆدێمیر زێلێنسکی، سەرۆککۆماری ئۆکرانیا دوای ئەو هێرشانە دووپاتیکرده‌وه‌، "هێرشەکان لە رێگەی درۆنی ئێرانییەوە بوون".

پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بەو لێدوانانە، دووپاتی لە "بێلایەنی" خۆی لە شەڕی ئۆکرانیادا کرده‌وه‌.

لەلایەکی دیکەوە نوێنەری ئۆکرانیا لە نامەیەکدا داوای لە شارەزایانی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە،  سەردانی ئەو وڵاتە بکەن و "ئەو فرۆکە ئێرانیانەی خراونەتە خوارەوە" و رووسیا بۆ پێکانی ئامانجەکانی لە ئۆکرانیادا بەکاری هێناون، بە چاوی خۆیان ببینن.