رووحانى ژمارهيهك پرسيار ئاراستهى دهسهڵاتى دادوهرى دهكات
K24 – ههولێر:
لە تاران سەرۆکانی سێ دەستەڵاتەکەی ئێران بە بۆنەی هەفتەی دەستەڵاتی دادوەرییەوە لە تەنیشتی یەکتر دانیشتن و سەرۆک کۆمار بە گومانەوە کۆمەڵێک پرسیاری روو بە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری کرد. ئەمە و چەن بابەتێکی دیکە لە رۆژنامەکانی ئەمڕۆی تاراندا بڵاوکراونەتەوە.
رۆژنامەی ئەبرار، لێدوانێکی وەزیری دەرەوەی سعوودییەی لە لاپەڕەی یەکەمیدا هێناوەتەوە و لە زمانى عادل جوبەیرەوە نووسیویەتی: پێويسته ئێران واز لە هەناردەکردنی شۆڕش بهێنێت و تاران لە پشت پەردەی قەیرانی لوبنانەوەیە.
عادل جوبەیر بە پەیامنێرانی گوتووە، لە سەردانیدا بۆ فەرەنسا لە گەڵ هاوتا فەرەنساییەکەی کۆبووەتەوە و قەیرانەکانی یەمەن، سوریا، عێراق و لوبنان و بەرەنگار بوونەوەی ئێران و تیرۆریزمیان تاوتوێکردووە.
بابەتی مووچەی بەرزی بەرپرسانی پلە باڵای ئێران هەروا باسی خەستی رۆژنامەکانە و رۆژنامەی وەتەنێ ئێمرۆز باسی لە مووچەی سەروی پەنجا ملیۆنی پەنجا بەڕێوبەری سەر بە وەزارەتی نەوتی کردووە و نووسیویەتی: ٥٠ کەس لە بەڕێوەبەرانی سەر بە وەزارەتی نەوت خۆیان ئاشکرایان کردووە هەر کامیان مانگانە زیاتر لە 50 ملیۆن تمەن مووچە وەردەگرن. رێکخراوی چاودیریش رایگەیاندووە ئەمە تەنیا لە زمانى ئەم بەڕێوبەرانەوەیە و بەداوداچوونی زیاتر بۆ دۆزینەوەی راستییەکان بەردوامە.