ئۆكرانیا: 88 ناوچه‌ له‌ سنووری خێرسۆن كۆنترۆڵكراونه‌ته‌وه‌

دیمه‌نێكی شوێنه‌واری شه‌ڕی ئۆكرانیا، وێنه‌: AFP
دیمه‌نێكی شوێنه‌واری شه‌ڕی ئۆكرانیا، وێنه‌: AFP

K24 – هه‌ولێر:

سوپای ئۆكرانیا، ئه‌مڕۆ هه‌ینی رایگه‌یاند، هێزه‌كانیان له‌ سنووری خێرسۆن، له‌ باشووری وڵات 88 ناوچه‌یان كۆنترۆڵ كردووه‌ته‌وه‌.

راوێژكاری سه‌رۆكی ئۆكرانیا، كیریلۆ تیمۆشینكۆ، له‌ رێی تێلیگرامه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌، تا ئه‌مڕۆ 88 ناوچه‌ كۆنترۆڵ كراونه‌ته‌وه‌.

پێشتر كیێڤ رایگه‌یاندبوو، 75 گوند و شاره‌دێیان له‌ سنووری خێرسۆن كۆنترۆڵ كردووه‌ته‌وه‌.

به‌رپرسانی ئۆكرانیا روونیان نه‌كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و 10 ناوچه‌یه‌ی به‌م دواییه‌ كۆنترۆڵیان كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ی و چۆن چوونه‌ته‌وه‌ ناوی.

له‌ به‌رامبه‌ردا، به‌رپرسانی رووسیا، به‌ڵێنیان داوه‌، شاری خێرسۆن بكه‌نه‌ قه‌ڵایه‌ك بۆ به‌رگری كردن و زۆرێك له‌ دامه‌زراوه‌ به‌رگرییه‌كانیان له‌و شاره‌ جێگیر كردووه‌.

دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ رووسه‌كان رایانگه‌یاند، له‌ سنووری ناوچه‌ی خێرسۆن 15 هه‌زار هاووڵاتی راگوێزراون بۆ ئه‌وه‌ی له‌ مه‌ترسی بۆردومانی سوپای ئۆكرانیا دوور بخرێنه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: فرانس پرێس