ماكرۆن: له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ئه‌وروپا كار بۆ دابه‌زاندنی نرخی كاره‌با ده‌كه‌ین

ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا
ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا

K24 - هه‌ولێر:

ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی له‌ په‌یماننامه‌ی وزه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ئه‌وروپا كار بۆ دابه‌زاندنی نرخی كاره‌با ده‌كه‌ن.

رۆژی هه‌یینی 21ـی تشرینی یه‌كه‌می 2022، ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ په‌راوێزی دووه‌م رۆژی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئه‌وروپا له‌باره‌ی پرسی وزه‌ و شه‌ڕی ئۆكرانیا له‌ برۆكسل رایگه‌یاند، به‌رزی نرخی وزه‌ وڵاتانی ئه‌وروپای رووبه‌ڕووی سه‌ختییه‌كی زۆر كردووه‌ته‌وه‌.

له‌باره‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نرخی وزه‌ له‌ ئه‌وروپا، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا روونیكرده‌وه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی وزه‌ی ئه‌وروپا گه‌یشتوونه‌ته‌ بڕیاری گونجاو، ئه‌مه‌ش به‌ پشتبه‌ستن به‌ میكانیزم و نموونه‌ی ئیبیریا كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ وڵاتانی ئیسپانیا و پورتوگال بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی كاره‌با.

ماكرۆن گوتیشی: فه‌ره‌نسا له‌ په‌یماننامه‌ی وزی ده‌كشێته‌وه‌ و له‌چوارچێوه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ هه‌وڵه‌كانیان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ختییه‌كانی زستانی ئه‌مساڵ به‌رده‌وامن

 راشیگه‌یاند: داوامان له‌ یه‌كێتییه‌كه‌ كردووه‌، له‌ ده‌ركردنی بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به‌ وزه‌، به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی ئه‌وروپا له‌به‌رچاو بگرن.