کێ دەبێتە جێگرەوەی سەرۆکوەزیرانە شەش هەفتەییەکەی بەریتانیا؟

K24 - هەولێر

لیز ترەس، دوای ئەوەی نەیتوانی پشتیوانیی پەرلەمانی بەریتانیا لە سیاسەتە ئابوورییەکەی بۆ جێگیرکردنی بازاڕ و تێپەڕاندنی قەیران بەدەست بێنێت، دوای کەمتر لە 45 رۆژ وازی لە پۆستی سەرۆکوەزیران هێنا.

پارتی پارێزگاران زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی بەدەستەوەیە، لەبەر ئەوە پێویست ناکات جارێکی دیکە هەڵبژاردنی گشتی بۆ سەرۆکوەزیران بکرێت، بەڵکو لە 28ـی ئەم مانگە، جێگرەوەی لیز ترەس لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی پارتی پارێزگاراندا دیاری دەکرێت.

دوو ساڵی دیکە هەڵبژاردنی گشتی لە بەریتانیا بەڕێوەدەچێت و تا ئەو کات پارتی پارێزگاران زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستەوەیە. هەڵبەت بە پێی دوایین راپرسییەکان، حزبی کرێکاران لە هەڵبژاردنی گشتیدا بە جیاوازیی 20٪ـی دەنگەکان، پێش پارتی پارێزگاران دەکەوێت.

ریشی سوناک و جۆنسۆن، دوو چانسی سەرەکی

هەر لە ئێستاوە ناوی ئەو کەسانەی بۆ جێگرەوی لیز ترەس رکابەری دەکەن، دیارن. گرنگترینیان ریشی سوناک وەزیری دارایی کابینەی بۆریس جۆنسۆن و رکابەری سەرەکیی لیز ترەس لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی پارتی پارێزگارانە.

هەڵبەت هەڵبژاردنی ریشی سوناک کە شەش هەفتە لەمەوبەر نەیتوانی تەنانەت دەنگی ئەندامانی حزبیی خۆیشی بۆ جێگرتنەوەی جۆنسۆن بەدەست بێنێت، هەڵبژاردنێکی خراپە بۆ پارتی پارێزگاران.

لیز ترەس، دوای کەمتر لە 45 رۆژ، وازی لە سەرۆکوەزیرانیی بەریتانیا هێنا
لیز ترەس، دوای کەمتر لە 45 رۆژ، وازی لە سەرۆکوەزیرانیی بەریتانیا هێنا

هەڵبەت لە راپرسییەکاندا دەرکەوتووە بە هۆی نەبوونی کەسیکی بەهێز لە ناو پارتی پارێزگاراندا، ریشی سوناک و بۆریس جۆنسۆن زیاتریان چانسیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران هەیە.

بەو پێیە دیاریکردنی کەسێک کە بتوانێ بەلەمی نوقومبووی پارتی پارێزگاران رزگار بکات، کارێکی زۆر قورسە. نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت کە دوو مانگ لەمەوبەر 170 هەزار ئەندامی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا، لیز ترەسیان وەک جێگرەوەی بۆریس جۆنسۆن هەڵبژارد و ئێستا بە بینینی سەرۆکوەزیرانێکی شەش هەفتەیی، هەڵبژاردنی کەسێکی دیکە کارێکی قورس دەبێت. ئەو پرسە، کێشە ناوخۆییەکانی ناو پارتی پارێزگاران زیاتر دەکات، هەڵبەت ساڵی 2016 و کاتی بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی برێکست، سەرەتای سەرهەڵدانی کێشە ناوخۆییەکانی ئەو پارتە بوو.

بەشێک لە پارێزگارانی لایەنگری دێڤید کامیرۆن سەرۆکوەزیرانی ئەو کات، دژی دەرچوونی بەریتانیا لەناو یەکێتی ئەوروپا بوون و بەشی زۆرتریش بە رێبەرایەتی بۆریس جۆنسۆن زۆر بە رژدی پشتگیریان لە برێکست دەکرد.

پێدەچێت بەهۆی کێشە و گومانی زۆرەوە، ئەمجارە لەبری دوو کەس، سێ کەس رکابەری لەسەر جێگرەوەی لیز ترەس بکەن.

ناوێکی نوێ

جیا لە ریشی سوناک و بۆریس جۆنسۆن، پێنی موردانت وەزیری بەرگریی پێشووش، چانسی زۆری بۆ سەرکەوتن لەو راکابەرێتییەدا هەیە. ئەو، وەک یەک لە خۆشەویستترین سیاسەتمەدارانی ناو پارتی پارێزگاران دەناسرێت. هەڵبەت لە هەڵبژاردنی پێشوودا بۆ دیاریکردنی جێگرەوەی بۆریس جۆنسۆن، پێنی موردانت رایگەیاند کە نایەوێ خۆی کاندید بکات.

ناوی کەسانی دیکەش وەک سولا براوێرمەن، وەزیری ناوخۆ و کیمی بانۆک، وەزیری بازرگانیی حکومەتە کورتەکەی لیز ترەسیش بۆ راکابەرایەتیی بەدەستەوەگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران، لە ناو ناواندانە. سولا براوێرمەن، رۆژی 19ـی تشرینی یەکەم دەستی لەکار کێشایەوە.

چاودێران پێیانوایە ئەو دوو کەسە، کەمترین چانسیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران هەیە.

بۆریس جۆنسۆن
بۆریس جۆنسۆن

 

بۆریس جۆنسۆن، هەڵبژاردن لە نێوان خۆشەویستی رقدا

میدیاکان باس لە کاندیدبوونی بۆریس جۆنسۆن دەکەن و ئەمەش بابەتێکی سەرنجراکێشە، چونکە سەرۆکوەزیرانەکەی پێشووی بەریتانیا تا ئێستا نەیتوانیوە قەناعەت بە هاوحزبییەکانی لەبارەی میوانداری لە سەردەمی کەرەنتینی کۆرۆنادا بینێت.

ئەو کاتەی بۆریس جۆنسۆن بەڕێوەبەری شارەوانیی لەندەن بوو، زۆر خۆشەویست بوو، بەتایبەت لە کاتی بەڕێوەچوونی ئۆلەمپیادی هاوینەی ساڵی 2012. ئەو لە ساڵی 2016 و لە کاتی بەڕێوەچوونی راپرسیی برێکست، سوودی لەو خۆشەویستییەی خۆی وەرگرت و بەشێکی زۆری ئەندامانی پارتی پارێزگارانی بۆ چوونەدەرەوە لە یەکێتی ئەوروپا، بە قەناعەت هێنا. هەڵبەت شێوەی کارکردنی لە ماوەی دوو ساڵی سەرۆکوەزیرانیدا، جۆنسۆنی کرد بە کەسێکیی ناخۆشەویست و کارەکە گەیشتە ئەوەی هاوحزبییەکانی لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا بە زۆرینەی دەنگ لە سەرۆکایەتی حزب و سەرۆکوەزیران لایاندا.