حكومه‌تی عێراق كاره‌با له زبڵ دروستده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
شاره‌وانی به‌غدا رایده‌گه‌یێنێت، حكومه‌تی عێراق خه‌ریكی دروستكردنی وزه‌ی كاره‌بایه له رێگه‌ی به‌كارهێنانی زبڵه‌وه و ئاماژه به‌وه‌ده‌دات، چه‌ند كۆمپانیایه‌كی جیهانی بواری وه‌به‌رهێنان پرۆژه‌كه به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن و نرخی كاره‌با به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بێ، گونجاو بێ بۆ وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان.
محه‌ممه‌د روبه‌یعی، به‌رپرسی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌غدا به ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی (واع)ـی راگه‌یاند، شاره‌وانی به‌غدا له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وامه بۆ ده‌ستپێكردنی پرۆژه‌ی گۆڕینی زبڵ و پاشماوه‌كان بۆ وزه‌ی كاره‌با به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه بیانییه‌كانی بواری وه‌به‌رهێنان و، پرۆژه‌كه به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بێ، زبڵ و پاشماوه‌كان ده‌كه‌نه سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی كاره‌با.
له‌باره‌ی ده‌ستپێكردنی كاره‌كانی پرۆژه‌كه، به‌رپرسی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی شاره‌وانی به‌غدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ره‌زامه‌ندی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و وه‌زاره‌تی كاره‌بای عێراقییان له‌باره‌ی پرۆژه‌كه وه‌رگرتووه و ئێستا له قۆناغی ئاماده‌كردنی به‌ڵگه‌نامه‌كانن بۆ هه‌نگاونان بـــۆ ده‌ستپێكردنی پــــرۆژه‌كــه. ده‌شڵێت: له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق رێكه‌وتوون نرخی كاره‌باكه به‌شێوه‌یه‌ك بێ بۆ وه‌به‌رهێنه‌ره بیانییه‌كان و هاووڵاتییانی عێراق گونجاو بێت.
گوتیشی: چوار مانگه پرۆژه‌كه‌مان وه‌رگرتووه، له‌ماوه‌ی دوو مانگی داهاتووشدا هه‌نگاوی پراكتیكی ده‌نێین بۆ ده‌ستپێكردنی پرۆژه‌كه و له‌ماوه‌ی رابردوودا چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنه‌ره بیانییه‌كان هه‌بووه به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی به‌ڵگه‌نامه‌كان.
به‌گوته‌ی روبه‌یعی پرۆژه‌كه له چه‌ندین وڵاتان سه‌ركه‌وتنێكی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه بینیوه، ئه‌و وڵاتانه زبڵ وه‌كو سووته‌مه‌نی به‌كارده‌هێنن و پێیوایه ده‌ستپێكردنی پرۆژه‌كه له عێراقیش ده‌بێته هۆی زیادكردنی داهات و بووژانه‌وه‌ی ئابووری وڵاته‌كه.