رووسیا: ئۆکرانیا دەیەوێت کارەساتی مرۆیی بخوڵقێنێت

بنكه‌ی ئه‌تۆمی زاپۆریژیا
بنكه‌ی ئه‌تۆمی زاپۆریژیا

K24 - هەولێر:

رووسیا رایده‌گه‌یه‌نێت، ئۆکرانیا دەیەوێت لە رێگەی هێرشکردنە سەر بنکەی ئەتۆمی زاپۆریژیا، کارەساتی مرۆیی بخوڵقێنێت.

ئیگۆر کۆناشینکۆڤ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری رووسیا، رایگەیاند، هێزەکانی ئۆکرانیا لەبەرەی هەرێمی دنیپرۆپترۆڤیسک لە رێگەی تۆپهاوێژەوە، پتر لە 30 جار تۆپبارانی ناوچەکانی نزیک بنکەی ئەتۆمی زاپۆریژیایان کردووە.

ئیگۆر کۆناشینکۆڤ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری رووسیا، له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، کیێڤ بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی کارەساتێکی مرۆیی لە بنکەی ئەتۆمی زاپۆریژیا.

ده‌شڵێت: "سوپای ئۆکرانیا لە رێگەی تۆپهاوێژکانییانەوە، زیاتر لە 30 جار تۆپبارانی رۆژهەڵاتی شاری ئینێرگۆدار و ناوچەکانی نزیک بنکەی ئەتۆمیی زاپۆریژیایان کردووە".

گوتیشی: "هێرشەکان لە هەرێمی دنیپرۆپترۆڤیسک کە لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیا کۆنتڕۆڵکراوە، ئەنجامدراون، یەکە تۆپهاوێژەکانی رووسیا وەڵامی هێرشەکانی ئۆكرانیایان داوه‌تەوە".

له‌‌ 24ی شوباتی رابردوودا، شه‌ڕی رووسیا و ئۆكرانیا ده‌ستیپێكرد و به‌ هۆی ئه‌و شه‌ڕه‌وه‌ ئه‌مه‌ریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپا ژماره‌یه‌ك سزای دارایی، ئابووری و سیاسییان به‌سه‌ر رووسیادا سه‌پاند و وێڕای ئاواره‌بوونی پتر له‌ 10 ملیۆن ئۆكرانی.