پرۆسەی وردبینی کۆتایی بۆ کاندیدانی پۆستە وەزارییەکان دەکرێت

رۆژی پێنجشەممە ناوەکان پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکرێن
ئامادەکارییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر کابینەکەی محەمەد شیاع سوودانی
ئامادەکارییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر کابینەکەی محەمەد شیاع سوودانی

K24 – هەولێر

نووسینگەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوە، ئەمڕۆ (چوارشەممە) پرۆسەی وردبینی کۆتایی بۆ ناوی کاندیدەکان بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەکان لە حکومەتی نوێدا ئەنجام دەدات.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، راگەیەندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد کە رۆژی پێنجشەممە (27ـی تشرینی یەکەم) ناوەکان پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکرێن.

بە گوێری راگەیەندراوەکەد، پرۆسەی وردبینی بۆ پشکنینی ناوەکان لەلایەن لیژنەیەکی تایبەت کە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وەزارەتی ناوخۆ - بەڵگەی تاوان، و دەستەکانی دەستپاکی و لێپرسینەوە و داد، پێکهاتووە، ئەنجام دەدرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لیژنەکان پشتڕاستی ئەو بڕوانامە ئەکادیمییانە دەکەن کە لەلایەن کاندیدەکانەوە پێشکەش دەکرێن، هەروەها پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئایا پێشینەی تاوان لە دژی یەکێکیان هەیە یان نا، هەروەها دڵنیا دەبن لە سەلامەتی پێگەی خۆیان لە دەستەکانی دەستپاکی و لێپرسینەوە و دادپەروەری، هەروەها هەر کاندیدێک کە لە تۆمارەکاندا ئاماژەی پێکراوە لە بەشەکانی کۆنترۆڵ و ئاسایش، دووردەخرێت."