پارێزگاری نەینەوا: ئه‌و دۆخه‌ی له‌ شنگال هه‌یه‌ دۆخێكی نائاساییه‌ و حكومه‌تی عێراق كه‌مته‌رخه‌مه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتننامه‌ی شنگال

نه‌جم جبووری، پارێزگاری نەینەوا
نه‌جم جبووری، پارێزگاری نەینەوا

K24 – هەولێر:

پارێزگاری نه‌ینه‌وا رایگەیاند، دۆخی شنگال نائاساییه‌ و ئیراده‌یه‌كی به‌هێزیش بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی ئاساییكردنه‌وه‌ی شنگالیش نه‌بوو.

نه‌جم جبووری، پارێزگاری نەینەوا بە كوردستان24 راگه‌یاند، به‌شێكی هۆكاره‌كانی جێبه‌جێنه‌كردنی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه،‌ په‌یوه‌ندیی به‌ لایه‌نی داراییه‌وه‌ هه‌بوو، به‌شێكیشیان ره‌هه‌ندی سیاسییان هه‌یه‌، بۆیه‌ جێبه‌جێنه‌كرا، ئه‌و دۆخه‌ی له‌ شنگال هه‌یه‌ دۆخێكی نائاساییه‌.

له‌باره‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری له‌ نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ كراوه‌، پارێزگاری نەینەوا روونیكرده‌وه‌، رێككه‌وتنه‌كه‌ كۆمه‌ڵێك به‌ند له‌خۆ ده‌گرێت، له‌وانه‌ش پێكهێنانی لیوایه‌كی پۆلیس له‌‌ خه‌ڵكی خۆجێیی ئێزیدی‌ بۆ پارێزگاریكردن له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌یان، به‌ڵام ئه‌و رێككه‌وتنه‌ جێبه‌جێنه‌كرا و حكومه‌تی به‌غدا كه‌مته‌رخه‌م بوو له‌ جێبه‌جێكردنی، به‌شێكی هۆكاره‌كانی جێبه‌جێنه‌كردنی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ لایه‌نی داراییه‌وه‌ هه‌بوو و به‌شێكیشیان ره‌هه‌ندی سیاسییان هه‌یه‌، بۆیه‌ جێبه‌جێ نه‌كرا.

هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌و دۆخه‌ی له‌ شنگال هه‌یه‌ دۆخێكی نائاساییه‌، خواستێك بۆ دژایه‌تیكردنی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی شنگال هه‌یه‌، به‌ڵام ئێستا كه‌ له‌ سه‌روبه‌ندی پێكهێنانی حكومه‌تین، هیوادارین حكومه‌تی داهاتوو كاری جددی له‌سه‌ر ئه‌و دۆسییه‌یه‌ بكات و لیوای پۆلیس پێكبهێنرێت و ئاواره‌كانی شنگال له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر زێدی خۆیان له‌ شنگال.