ئەردۆغان: ئامانجمان ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێیە بۆ تورکیا

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا - وێنە: aa
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا - وێنە: aa

K24 - هەولێر:

سەرۆکی تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە شەرمەزاری کودەتا رزگاردەکات و  ئامانجیانە دەستوورێكی نوێ بۆ تورکیا ئامادەبکەن.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە راگەیاندنی بەرنامەی سەدەی تورکیادا گوتی: لە یادی سەد ساڵەی کۆماری تورکیادا، وڵات لە شەرمەزاری دەستووری کودەتا رزگار دەکەین و دەستوورێکی مەدەنی نوێ و ئازادیخواز ئامادەدەکەین.

ئەردۆغان باسی لەوەشكرد، ماوەی كودەتاكەی 12ی ئەیلول دەمێکە تەواوبووە و ئامادەكردنی دەستوورێكی نوێ بە ئیرادەی نیشتمانی یەكێكە لە ئامانجە سەرەكییەكانیان.

کۆماری تورکیا ساڵی داهاتوو تەمەنی دەبێتە 100 ساڵ و ئەردۆغان لەوبارەیەوە دەڵێت: ئێمە هەموو هێزمان دەبەخشین بۆ بنیاتنانی وڵاتەکەمان کە سەدەی شۆڕشە لە تورکیا، کاتێک جیهان رووبەڕووی قەیران دەبێتەوە، پەرەپێدانی پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە ئاسان نییە.

سەبارەت بە پرسی ئاساییکردنەوەی باڵاپۆشی لە دەستووری تورکیادا، ئەردۆغان دەیەوێت بابەتەکە لە دەستووردا جێگیربکات بۆ ئەم مەبەستەش پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمانتارانی تورکیا هەیە کە کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی تورکیا 600 کورسییە، واتە پێویستی بە دەنگی 400 پەرلەمانتارە.

لە بەرانبەردا، کەمال کلیچدار ئۆغلو، سەرۆکی پارتی جەهەپە،کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیایە لە هەوڵی ئەوەدایە پرسی ئاساییکردنەوەی باڵاپۆشی بکرێتە یاسا و بۆ ئەمەش پێویستی بە زیاتر لە 301 دەنگی پەرلەمانتارانە.

ئەکەپە، پارتەکەی ئەردۆغان بۆیە دەیەوێت ئاساییکردنەوەی باڵاپۆشی بە دەستوور جێگیربکرێت، تا لە داهاتوودا بە ئاسانی یاساکە هەمووار نەکرێتەوە.