خۆپێشاندان لە ئێران بەردەوامە و حکومەتیش هەڕەشە دەکات

K24 – هەولێر

خۆپێشاندانی خەڵک لە چەندین شار و شارۆچکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە. بەرپرسانی حکومەتی ئێران داوای کۆتاییهێنان بە "ئاژاوەگێڕی"ـیەکان دەکەن و دووپاتیدەکەنەوە، "لە ئاژاوەگێڕەکان خۆش نابین".

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەستەواژەی "ئاژاوەگێڕ" بۆ خۆپێشاندەران بەکاردێنن و بەردەوام جەختیانکردووەتەوە کە وڵاتانی دیکە لە پشت خۆپێشاندانەکانن.

رۆژی 2٩ـی تشرینی یەکەم و لە 43ـیەمین رۆژی خۆپێشاندانەکانی خەڵکدا، حوسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسداران داوای لە "گەنجان" کرد بچنەوە ماڵەکانیان و گوتی: ئەمڕۆ ئاژاوەگێڕییەکان کۆتاییان پێهات و چیدیکە مەیەنەوە سەر شەقامەکان".

هەر لەو رۆژەدا، (عەلی بەهادۆری جەهرۆمی) گوتەبێژی حکومەتی ئێران، لەگەڵ بەرپرسانی قوتابیانی زانکۆی شیراز کۆبووەوە و

دووپاتیکردەوە، "بە هیچ شێوەیەک لەو کەسانە نابوورین کە بە رێکخراوەیی ئاژاوەگێڕییان کردووە و بەردەوامبوونە".

بە پێی قسەکانی جەهرۆمی، "حکومەتی ئێران شیکردنەوەی بۆ دۆخەکە کردووە و پێیوایە ناڕەزایەتی هەیە".

سەرەڕای دانپێدانانی ئەو بەرپرسەی ئێران بە "بوونی ناڕەزایەتی"، بەڵام تا ئێستاش دەستەواژەی "ئاژاوەگێڕ" بۆ خۆپێشاندەران بەکار دێت و دەستگیرکردنیان بەردەوامە، رۆژی شەممە (29ـی تشرینی یەکەم) لە تاران، دانیشتنی دادگاییکردنی چەند تۆمەتبارێکی رووداوەکانی ئەمدواییە بەڕێوەچوو. لەو دادگایەدا تۆمەتی "فەساد لەسەر زەوی، دژایەتی و بەرەنگاربوونەوەی حکومەتی ئیسلامی"، خراوەتە پاڵ شەش تۆمەتبار.

وەک لە ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێراندا هاتووە، "لە سەرەتای خۆپێشاندانەکانەوە تا ئێوارەی رۆژی هەینی (28ـی تشرینی یەکەم) بەلانی کەمەوە 253 کەس کە 34ـیان منداڵبوونە، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە".