کار بۆ زیادکردنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و خانه‌نشینانی هێزەکانی ناوخۆ دەکرێت

دابەشکردنی مووچە
دابەشکردنی مووچە

K24 - هەولێر

لە پەرلەمانی کوردستان لیژنەی کاروباری پێشمەرگە کار لەسەر زیادکردنی مووچەی پێشمەرگە دەکات، هەروەها لیژنەی  ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکانیش کار بۆ ئەوە دەکەن، کە مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی ناوخۆ زیادبکرێت.

حیکمەت محەممەد، ئەندامی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان لەپەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "دوای چەندین سەردان و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشنیارمان بۆ رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ کرد، کە پڕۆژەیاسایەك ئامادەبکات تایبه‌ت به‌ زیادكردنی مووچه‌ی خانه‌نشینانی هێزەکانی ناوخۆ".

گوتیشی: "هێزەکانی ناوخۆ کە خانەنشین دەکرێن مووچەکانیان زۆر کەمە، هەر بۆیە بەجددی لە ئاستی وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەنی وەزیران کاری لەسەر دەکرێت".

حیکمەت محەممەد دەڵێت: "ئەگەر بابەتی کەمی داهات نەبوایە، دەمێک بوو پڕۆژەیاساکە دەهاتە پەرلەمان و پەسەند دەکرا، بەڵام زۆر گەشبینم کە لەم وەرزەدا پڕۆژەکە تەواو ببێت و کاری پێویستی لەسەر دەکرێت".

بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی ناوخۆ پاش پەسەند کردنی پڕۆژەکە، دەگاتە نزیکەی %70ی مووچەیان.

 سەبارەت بە زیادکردنی مووچەی پێشمەرگەش ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: "مووچەی پێشمەرگە زۆر کەمە و بە گشتی زۆرینەیان مووچەکانیان لە خوار ملیۆنێک دینارە، هەربۆیە کاری جددی لەسەر دەکەین کە کەمترین مووچەی پێشمەرگە نزیک ببێتەوە لە ملیۆنێک دینار".

ئا: ئارام کاکەخان