پلاسخارت و رێواز فایەق لەسەر پرسی هەڵبژاردن کۆبوونەوە
K24 – هه‌ولێر:
نێردەی تایبه‌تی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، کۆبوونەوە و پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان تاوتوێکرد.
ئەمڕۆ (یەکشەممە 30ـی تشرینی یەکەم/ئۆكتۆبه‌ری 2022) ماڵپەری پەرلەمانی کوردستان بڵاویكرده‌وه، رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ جینین هێنس پلاسخارت، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له عێراق، لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گوتوویەتی: "ده‌بێت رێكاره یاسایی، ته‌كنیكی و كارگێڕییه‌كان، بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن، پێش ته‌واوبوونی ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه درێژكراوه‌ته‌وه ته‌واو بكرێن و ھەڵبژاردنیش ئەنجامبدرێت".
سه‌باره‌ت به هۆکاری ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن له واده‌ی خۆیدا، رێواز فایەق ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، "دۆخی ناسه‌قامگیر و نه‌خوازراوی عێراق به‌هۆی ناكۆكی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان، هه‌روه‌ها دواكه‌وتنی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ، كاریگه‌ری زۆری هه‌بوو له‌سه‌ر دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، هاوكات بابه‌تی نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران، هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن و كاراكردنه‌وه‌ی كۆمیسیۆنیش، به‌شێكبوون له ئاڵنگارییه‌كان".
هەر بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی پەرلەمانی کوردستان، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له عێراق، پشتیوانی خۆی بۆ هه‌نگاوه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربڕی و ئامادەیی نیشانداوە بۆ لێكنزیككردنەوەی لایەنەكان بۆ گەیشتن بە رێككەوتن.
هەفتەیەکی داهاتوو، ماوەی چوار ساڵی کارکردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دێت، بەڵام بەهۆی کێشەکانی (کۆمیسیۆن و ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەسەر یاسای هەڵبژاردن)، نەتواندرا لە وادەی دیاریکراودا هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.
رۆژی 9ی تشرینی یەکەم/ئۆكتۆبه‌ری 2022، پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 80 پەرلەمانتار، پێشنیازە یاسایەکی پەسەندکرد، کە رێگە بە درێژکردنەوەی ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمان دەدات، بۆئەوەی تا کۆتایی ساڵی 2023 لە کارەکانی بەردەوام بێت.