سابیئه‌ی مه‌ندائی: سكاڵا له دژی سوكایه‌تییه‌كان تۆمار ده‌كه‌ین
K24 – هه‌ولێر:
سه‌لاح به‌حر، گۆرانیبێژی عێراقیی، پێكهاته‌ی سابیئه‌ی مه‌ندائی نیگه‌ران كردووه و دوای ره‌خنه‌لێگرتنی داوای لێبوردنی له‌و پێكهاته‌یه كرد.
له گۆرانییه‌كی نوێ‌دا، سه‌لاح به‌حر، تۆمه‌تی جادووی داوه‌ته پاڵ سابیئه‌ی مه‌ندایی و له گۆرانییه‌كه‌یدا ده‌ڵێ لای جادووگه‌رێكی سابیئی سحرت كردووه.
له به‌رامبه‌ردا، سه‌رۆكی كوتله‌ی سابیئه‌ی مه‌ندائی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئوسامه ئه‌لبه‌دری، به‌یاننامه‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی بڵاوكرده‌وه و تێیدا رایگه‌یاند، له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ڤیدیۆ كلیپێك بڵاوكراوه‌ته‌وه هی كه‌سێكه به ناوی سه‌لاح به‌حر، ناوه‌ڕۆكی گۆرانییه‌كه‌ی سوكایه‌تییه‌كی گه‌وره‌ی تێدایه به پێكهاته‌ی مه‌ندائیی و ده‌سته‌واژه‌ی سیحر و جادووی داوه‌ته پاڵ ئایینی مه‌ندائی.
هه‌روه‌ها هاتووه: ئایینی مه‌ندائی، ئایینێكی ئاسمانییه، كتێبه پیرۆزه‌كه‌مان هه‌موو جۆره كارێكی سیحر و جادووی حه‌رام كردووه، وه‌ك چۆن له ئایینه‌كانی دیكه‌شدا یاساغ كراوه. بۆیه به توندی ئیدانه‌ی ئه‌و جۆره ره‌فتاره منداڵانه‌یه‌ی سه‌لاح به‌حر و نووسه‌ری گۆرانییه‌كه ده‌كه‌ین و ئه‌وه‌ی ناویان لێناوه گۆرانی ناچێته خانه‌ی هونه‌ری گۆرانی و هونه‌ری عێراقییه‌وه.
له به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا، هاتووه: به مافی خۆمانی ده‌زانین سكاڵای یاسایی له دژی سه‌لاح به‌حر و شاعیری گۆرانییه‌كه تۆمار بكه‌ین و داواش له وه‌زیری رۆشنبیری و سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندان و یه‌كێتی ئه‌دیبان ده‌كه‌ین رۆڵی خۆیان بگێڕن له لێپرسینه‌وه له هه‌ر هه‌وڵێك كه دژ بێت به پێكهاته ره‌سه‌نه‌كانی عێراق.
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی كلیپه‌كه و ده‌نگهه‌ڵبڕینی پێكهاته‌ی سابیئه‌ی مه‌ندائیی، سه‌لاح به‌حر داوای لێبوردنی كرد.