سکرتێری حزبی ریفۆرمخوازی ئێران: پێویستە بە پێی دەستوور ریفراندۆم بکەین

"بۆ لای خەڵک بگەڕێنەوە، ئەگەرنا داهاتوویەکی مەترسیدار چاوەڕێتانە"
رەسوڵ مونتەجەبنیا، سکرتێری گشتی حزبی ریفۆرمخوازی کۆماری
رەسوڵ مونتەجەبنیا، سکرتێری گشتی حزبی ریفۆرمخوازی کۆماری

K24 – هەولێر

سکرتێری گشتیی حزبی ریفۆرمخوازی كۆماری، کە لە ناو ئێراندا چالاکی سیاسی هەیە، کۆمەڵە پێشنیارێکی بۆ چارەکردنی دۆخی ئێستای ئەو وڵاتە خستووەتەڕوو و دووپاتیکردووەتەوە، "یان بە پێی دەستووری هەمیشەیی دەبێ ریفراندۆم بکەین، یان مۆڵەت بە خەڵک و حزب بدرێت".

رەسوڵ مونتەجەبنیا، سکرتێری گشتی حزبی ریفۆرمخوازی کۆماری، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵی (روویداد 24) سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی ئێران و خۆپێشاندانی خەڵک رایگەیاندووە، "دەستووری هەمیشەیی، پەیمانێکی نیشتمانییە و خەڵک دەنگی پێداوە و گوتی: "پێویستە دەنگ لەسەر تەواوی کاروباری ئەو وڵاتە بدرێت. ئەوە بەو مانەیەیە، لە رێبەرییەوە بگرە تا ئەنجوومەنی گوندێک، پێویستە بە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرێن".

ئەو لە دیمانەکدا دەڵێت: دەبێ ئەوە قبووڵ بکەین ئەو حکومەتە هی خەڵکە، نەک هی کەس یان گرووپیکی تایبەت، ریفۆرمخواز یان پاوانخواز. ئەو نیشتمانە هی ئێرانییەکانە و دروشمی ئێران بۆ هەموو ئێرانییەکانە. کەس ناتوانێ بڵێ ئەو کەسە حزبوڵڵاهی یان موسڵمان نییە. هەر ئەوەی کە ئێرانیی، یانی مافت هەیە. کاتێک دەڵێین، ئێران وڵاتی تەواوی خەڵکە، یانی تەنیا بۆ کەسە نوێژخوێنەکان نییە، بەڵکو خەڵک بە هەر بیروبۆچوونێکەوە خاوەنی ئەو وڵاتەیە. هەر بۆیە ئەمە قسەیەکی گەمژانایە کە هەندێ کەس دەڵێن، ئەگەر ئێمەتان قبووڵ نییە، دەتوانن بڕۆن".

رەسوڵ مونتەجەبنیا، لەبارەی پێشنارەکانی بۆ چارەکردنی دۆخی ئێستای ئێران گوتی: یان بەپێی دەستووری هەمیشەیی دەبێ ریفراندۆم بکەین، یان مۆڵەت بە خەڵک و حزبەکان بدرێت. هەر بەو شێوەیەی پاوانخوازەکان رێپێوان دەکەن، رێگە بە خەڵکە دژەکانیشیان بدەن، بێنە شەقامەکان و قسەی خۆیان بکەن. هەروەها پێویستە سەکۆکانیش دابەش بکەین. ئێستا سەکۆکان لەدەست چینێکی تایبەته‌ و ئەمەش لە حکومەتێکی دیموکراتدا رێگەپێدراو نییە. کاتێک باسی حکومەتێکی دیموکراتی ئایینی دەکەین، دەبێ رێز لە بنەماکانی بگرین و رێگە بە خەڵک بدەین قسە بکەن، بەڵام بەو شێوەیە نییە و لە راگەیاندنەوە بگرە تا نوێژی هەینی و هەموو بوارەکان، لە دەست چینێکی تایبەتدایە. لەلایەکی دیکەشەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان داخستووە یان سانسۆریانکردووە.

ئەو، لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی خەڵک هیچ شوێنێکی بۆ خستنەڕووی خواست و داواکارییەکانیان نییە، گوتی: لە نوێژی هەینی کەس ناتوانێ ناڕەزایەتی دەرببڕێت، لە راگەیاندنیش دەرفەتیان پێنادرێت و پەرلەمانتارانیش دەنگی خەڵک نابیستن. هەر بۆیە هەندێ خەڵک دەچنە سەر شەقام و ناڕەزایەتی دەردەبڕن و رەنگە بەشێک لە بەرپرسانیش ئەوەیان بەدڵ نەبێت. سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازی، تووڕه‌یی زیاتری ئەوانی لێدەکەوێتەوە. ئەم جۆرە بەڕێوەبردنە، لاواز و بێسوودە. خەڵک برسی و بێكارن، گرانی گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و بێتوانایی ئێوەش لە بەڕێوەبردندا، لە هەموو شوێنێک دەنگی داوەتەوە. خەڵکیش دەڵێن ئەگەر تواناتان نییە، بۆ بوونەتە بەڕێوەبەر؟ خەڵک مافی دەربڕینی ناڕەزایەتی هەیە، بەڵام خەڵک بە دەستی دەرەکی و سیخوڕ تۆمەتباردەکەن.

سکرتێری گشتی حزبی ریفۆرمخوازی کۆماری دووپاتیکردووەتەوە، "بەردەوامبوونی ئەو دۆخە، مەترسیدارە. بەڕێوەبردنی خەڵک لە رێگەی توندوتیژییەوە، حوکمڕانی نییە. رێز لە خەڵک و داواکاری و داخوازییەکانیان بگرن. بۆ لای خەڵک بگەڕێنەوە، ئەگەرنا داهاتوویەکی مەترسیدار چاوەڕێتانە. لەبری ئارامکردنەوەی دۆخەکە، بەنزین بە ئاگردا مەکەن.