چوونەدەرەوەی چەند بەرپرسێکی ئێرانی رەتدەکرێتەوە

"هۆکاری چوونەدەرەوەی ئەو بەرپرسانە، بارودۆخی ئەمدواییەی ئێران و خۆپێشاندانەکانە بۆ سەرکۆنەکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی"
فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئیمام خومەینی
فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئیمام خومەینی

K24 – هەولێر

فرۆکەخانەی ئیمام خومەینی لە تاران، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باسیان لە جێهێشتنی ئێران لەلایەن چەند بەرپرسێکی ئەو وڵاتەوە کردبوو.

سەعید چەلەندەری، یەک لە بەرپرسانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئیمام خومەینی، لەبارەی گەشتی دەرەوەی خشتەی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ بردنەدەرەوەی چەند "کەسێکی تایبەت" لە رێگەی ئەم فرۆکەخانەیەوە بە ئاژانسی دەنگوباسی (ئیلنا)ـی گوت: تا ئێستا هچ گەشتێکی تایبەت لە فرۆکەخانەی ئیمامەوە نەکراوە و خەڵک دەتوانن زانیاریی تەواوی گەشتەکان لەسەر تابلۆکان ببینن، هیچ رێگە و دەرگەیەکی تایبەتیش بۆ چوونە ناو فرۆکە نەکراوەتەوە. سەرلەبەری ئەو هەواڵانەی باس لە گەشتی تایبەت و چوونەدەرەوەی هەندێ کەسی تایبەت لە رێگەی فرۆکەخانەی ئیمامەوە دەکرێ، درۆن و رەتیدەکەینەوە.

چەند رۆژێکە باس لە چوونەدەرەوەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بنەماڵەکانیان و جێهێشتنی وڵاتیان، لە رێگەی گەشتی ئاسمانی تایبەتەوە دەکرێت.

سەرچاوە میدیاییەکان، بڵاویانکردووەتەوە کە هۆکاری چوونەدەرەوەی ئەو بەرپرسانە، بارودۆخی ئەمدواییەی ئێران و خۆپێشاندانەکانە بۆ سەرکۆنەکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی.

ماوەی 45 رۆژە لە چەندین شار و شارۆچکە و دەیان زانکۆی ئێران، خۆپێشاندان بەردەوامە. بەشیک لە خۆپێشاندانەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە توندی سەرکوتکراون. بە گوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە ماوەی ئەو 45 رۆژەدا، زیاتر لە 250 خۆپێشاندەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە، بە سەدان کەس برینداربوونە و بە هزاران کەسیش دەستگیرکراون. دەستەڵاتی دادوەری ئێران، دادگاییکردنی هەزار خۆپێشاندەری بە فەرمی راگەیاندووە.