کەرتی گەشتوگوزاری ئێران بە تەواوی پەکیکەوتووە

"خۆپێشاندانەکان و سنووردارکردنی خزمەتگوزاری هێڵی ئینتەرنێت، هۆکاری سەرەکین"

K24 – هەولێر

بەرپرسانی کەرتی گەشتوگوزاری ئێران، باس لە دۆخی "نالەبار"ـی ئەو کەرتە و ئەگەری داخستنی ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیای گەشتوزاری دەکەن.

ئەمیر پویان رەفیعی، سەرۆکی بۆردی ئەنجوومەنی کۆمپانیاکانی گەشتوگوزاری تاران، لە دیمانەکەیدا لەگەڵ ئاژانسی (ئیلنا)، ئاشکرایکردووە کە "بەرنامەی نزیکەی 90٪ـی گرووپاتی گەشتیاری بۆ ئێران، هەڵوەشاونەتەوە".

ئەو، هۆکاری ئەو رێژە زۆرەی هەڵوەشاندنەوەی گرووپاتی گەشتیاری بۆ سنووردارکردن یان پچرانی تەواوی هێڵی ئینتەرنێت و دۆخی ناوخۆیی ئێران دەگەڕێنێتەوە.

دوای فراوانبوونی خۆپێشاندانی خەڵکی ئێران بۆ سەرکۆنەکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی لە 16ـی ئەیلولی رابردوو، حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاریدا هێڵی ئینتەرنێت سنووردار بکات و لە چەند پارێزگا و شارێکیش بە تەواوی راگیرا و چەند ئەپڵیکیشنێکی وەکو ئینستاگرامیش وەستێندران.

وەک ئەمیر پویان رەفیعی، باس دەکات، تەواوی کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان و تەنانەت بەبازاڕکردنی گەشتەکانیان، پشتیان بە ئینتەرنێت و کۆمەڵە ئەپڵیکەیشنی وەکو ئینستاگرام بەستووە و ئێستا کە ئەو خزمەتگوزاریانە بەردەست نین، کێشە دروستبووە و خەڵک گەشتەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە.

ئەو دەڵێ: هۆکارێکی دیکە، هەڵسوکەوتی دامەزراوەکانی وڵاتانی رۆژئاواییە کە دەیانەوێ وێنەیەکی ناشیاو لە ئێران بە گەشتیاران نیشاند بدەن، هەر بەو هۆیەشەوە گەشتیار ئامادە نییە بۆ ئێران گەشت بکات.

کەمبوونەوەی بەرچاوی جوولەی گەشیاری، کاریگەری لەسەر کۆمپانیاکانی گەشتوگوزاری هەبووە و وەک ئەمیر پویان رەفیعی ئاشکرای دەکات، ئێستا بەشیک لە کۆمپانیاکان ژمارەی کارمەندەکانیان کەمکردووەتەوە و ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، رەنگە ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیاکان دابخرێن.

سەرۆکی بۆردی ئەنجوومەنی کۆمپانیاکای گەشتوگوزاری تاران، سەبارەت بە وەرزی گەشتیاری و زۆرترین ژمارەی گەشتیارانی بیانی دەڵێ: وەرزەکانی هاوین و پاییز، باشترین وەرزی گەشتیارین لە ئێران و گەشتیارانی ئەفغانی و عێراقی لە سەرووی ریزبەندی گەشتیارانی بیانیدان.