بە ڤیدیۆ.. بایدن عێراق و ئۆکرانیا تێکەڵ دەکات

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت "کوڕەکەم لە عێراق مردووە"
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا

K24 - هەولێر:

جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەکاتی گوتارداندا بابەتی جەنگی ئۆکرانیا و جەنگی عێراقی تێکەڵ کرد و گوتیشی: کوڕەکەم لە عێراق مردووە.

جۆو بایدن (79 ساڵ) لە گوتارێکیدا کە دوێنێ سێشەممە (1ـی تشرینی دووەم) لە فلۆریدا پێشکەشی کرد، باسی لە هەڵاوسانی ئابووری کرد و گوتی: هەڵاوسانی ئابووری ئێستا کێشەیەکی جیهانییە، بەهۆی جەنگی عێراق و کاریگەرییەکانی لەسەر نەوت و، ئەوەی رووسیا دەیکات، ئا بمبوورن، مەبەستم جەنگی ئۆکرانیا بوو".

سەرۆکی ئەمەریکا پاش ئەم هەڵەیە، وەک پۆزش هێنانەوەیەك دەڵێت "بیر لە عێراق دەکەمەوە، چونکە کوڕەکەم لەوێ مرد" ئەمەش هەڵەیەکی دیکەی بایدن بوو لە گوتارەکەیدا، چونکە کوڕەکەی دوای شەش ساڵ لە بەجێهێشتنی عێراق کۆچی دواییکردووە.

بیو بایدن، کوڕی جۆو بایدن ماوەیەك لە عێراق لە سوپای ئەمەریکادا خزمەتی کردووە و پاش نزیکەی شەش ساڵ لە گەڕانەوەی بۆ ئەمەریکا، لە 2015 لە تەمەنی 46 ساڵیدا بە نەخۆشی شێرپەنجەی مێشک کۆچی دواییکرد.

جۆو بایدن دووەم سەرۆکی ئەمەریکایە کە لە قسەکانیدا ئۆکرانیا و عێراق لەیەک جیانەکاتەوە، هاوکات جارێکی دیکەش بە هەڵە باسی لەوەکردووە کە کوڕەکەی لە عێراق گیانی لەدەستداوە.

جۆرج بۆش، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکاش مانگی ئایاری ئەمساڵ لە گوتارێکیدا کە لە شاری دالاسی ویلایەتی تێکساس پێشکەشی کرد، باسی لە جەنگی ئۆکرانیا کرد و گوتی: "ئەنجامەکەی ناڕێکی و نەبوونی باڵانسە لە رووسیادا، ئەوە بڕیاری تاکە پیاوێکە کە دەستکیردوە بە لەشکرکێشیەکی ناڕەوا و دڕندانە بۆ سەر عێراق." دواتر سەری دەجوڵێنێت و دەڵێت "مەبەستم ئۆکرانیا بوو"، دواتر سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا بەتەمەنبوونی خۆی کردە پاساوی هەڵەکەی.  

بۆ بینینی ڤیدیۆکە کلیک لێرە بکە و جۆینی چەناڵی تیلیگرامی کوردستان24 ببە.