ئەردۆغان: هەناردەکردنەوەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا دەستپێدەکاتەوە

K24 – هەولێر

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، هەناردەکردنەوەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا بۆ بازاڕەکانی جیهان دەستپێدەکاتەوە.

راشیگەیاند، رووسیا لەبارەی رێککەوتنی تورکیا دڵنیای کردونەتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە رووسیا رێککەوتنی هەناردکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیای هەڵپەساردبوو.

رووسیا رایگەیاندبوو: "ناتوانین سەلامەتی ئەو کەشتیانەی كه‌ دانەوێڵە لە دەریای رەشەوە دەگوازنەوە، بپارێزین".

ڤلۆدۆیمێر زێلێنسكی سەرۆکی ئوکراینا، رایگەیاندبوو، سەرەڕای هەڵپەساردنی رێککەوتننامەی رێڕەوی رەوانەکردنی دانەوێڵە لەلایەن رووسیاوە، بە پشتیوانی تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان ناردنی دانەوێڵە لە ئۆکرایناوە بەردەوامە.

تورکیا بەشێکە لە رێککەوتنەکە و وڵاتێکی چاودێرە دەیەوێت هەناردەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا بەگوێرەی رێککەوتنەکە دەستپێبکاتەوە.

بە گوێرەی داتاکانی ئەنجوومەنی دانەوێڵەی نێودەوڵەتی، ئۆکرانیا چوارەم گەورەترین هەناردەکاری گەنمەشامی بووە لە وەرزی 2020 - 2021 و شەشەم گەورەترین هەناردەکاری گەنم بووە لە ساڵی رابردوودا.