به‌ ڤیدیۆ.. توندوتیژی له‌نێو ستۆدیۆی به‌رنامه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له‌ لوبنان روویدا

به‌ ڤیدیۆ.. توندوتیژی له‌نێو ستۆدیۆی به‌رنامه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له‌ لوبنان دروستبوو
به‌ ڤیدیۆ.. توندوتیژی له‌نێو ستۆدیۆی به‌رنامه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له‌ لوبنان دروستبوو

K24 – هەولێر:

له‌نێو په‌خشی راسته‌وخۆی به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنیدا، شه‌ڕ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ روویدا.

به‌رنامه‌ی (صار الوقت)، كه‌ به‌رنامه‌یه‌كی سیاسییه‌ و رۆژنامه‌نووس (میرسال غانم) پێشكه‌شی ده‌كات و له‌ شاشه‌ی ته‌له‌‌ڤزیۆنی (MTV) لوبنانی دوێنێ ئێواره‌ راسته‌وخۆ په‌خشكرا و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی لوبنان تێیدا به‌شداربوون، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌نێو ئاماده‌بووان روویدا، پاشان ناكۆكییه‌كان به‌ره‌و شه‌قام گواسترایه‌وه‌، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ته‌قه‌یان له‌ میوانانی به‌رنامه‌كه‌ كرد.

به‌ گوێره‌ی گرته‌ ڤیدیۆییه‌كان كه‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ری ته‌نیووه‌، پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌كه‌ داوای له‌ سوپا و پۆلیسی لوبنان كرد، به‌ زووترین كات ده‌ستوه‌ردان بكه‌ن و كۆنتڕۆڵی دۆخه‌كه‌ بكه‌ن.

ته‌له‌ڤزیۆنی (MTV) راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی رووداوه‌كه‌ بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا لایه‌نگرانی (ره‌وتی نیشتمانی ئازاد)ـی لوبنانی به‌ دروستكردنی ئاشووب له‌نێو به‌رنه‌مه‌كه‌دا تاوانباركرد، ره‌وتی ناوبراویش له‌ چوارچێوه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا ئیداره‌ی ته‌له‌ڤزیۆنه‌كه‌ی به‌وه‌ تۆمه‌تباركرد، كه‌ توندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌ لایه‌نگرانیان كراوه‌ و لێیان دراوه‌، وێڕای ئه‌وه‌ش ته‌قه‌شیان لێكراوه‌.