پۆلیسی هەولێر: ژن و پیاوێك لە شەڕێکدا بریندارکران

ناوی تۆمەتبارەکان و ئەو ئۆتۆمبێلەی لە رووداوکەدا دەستیبەسەردا گیراوە
ناوی تۆمەتبارەکان و ئەو ئۆتۆمبێلەی لە رووداوکەدا دەستیبەسەردا گیراوە

K24 - هەولێر:

دوو پیاو بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە دەبێتە شەڕیان و یەکێکیان بە چەك رووبەرووی ئەوی دیکە دەبێتەوە، بە گوتەی پۆلیسی هەولێر، لە شەڕەکەدا ژنێك و یەکێک لە تۆمەتبارەکان برینداربوون.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە (5ـی تشرینی دووەمی 2022) لە شەقامی 100 مەتری شاری هەولێر، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە، لە نێوان دوو کەسدا بەناوەکانی (گ. ع. ی) و (ک. ا. ھ) شەڕ روودەدات.

ئاماژە بەوەشدرا، لە شەڕەکەدا بە چەکی جۆری کڵاشینکۆف تەقە دەکرێت و لە ئاکامدا ژنێك بەناوی (ز. ب. ف) و یەکێك لە تۆمەتبارەکان بەناوی (ک، ا، هـ) برینداربوون.

پۆلیسی هەولێر راشیگەیاند، بەشی پۆلیسی فریاکەوتن دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و هەردوو تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکردووە، هەروەها دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێک و چەکی بەکارهاتوودا گرت.

بە گوێرەی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، تۆمەتبارەکان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رێکخراوە و رادەستی دادگا کراون.