هەنگاو: 61 هاووڵاتی کورد لە خۆپێشاندانەکانی ئێران کوژراون

سەقز، چلەی ماتەمینی ژینا ئەمینی
سەقز، چلەی ماتەمینی ژینا ئەمینی

K24 – هەولێر

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، لە ماوەی 50 رۆژ خۆپێشاندانی خەڵک ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، بەلانی کەمەوە 61 هاووڵاتی کورد کوژراون و پێنج هەزار کەسیش بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکان برینداربوونە.

رێکخراوی هەنگاو بە پشتبەستن بەو ئامار و زانیاریانەی بەدەستی گەیشتووە، دەڵێ، "لەو 50 رۆژەدا لە 38 شار و شارۆچکەی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپێشاندان کراوە و 51 کەس لەو 61 کەسە، بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە".

بە پێی راپۆرتی رێکخراوی هەنگاو، 10 هاووڵاتی کوردیش بەهۆی "ئەشکەنجەدان و گازی فرمێسکڕێژەوە" گیانیان لەدەستداوە. لەو 61 هاووڵاتییە کوردە، 53 کەسیان لە شار و شارۆچکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەشت کەسیان لە شارەکانی دیکەی ئێران گیانیان لەدەستداوە.

لە رۆژی 16ـی ئەیلولی رابردووەوە، خۆپێشاندان لە شار و شارۆچکەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کورستان بۆ سەرکۆنەکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی دەستیپێکردووە.

خۆپێشاندان لە تاران
خۆپێشاندان لە تاران

304 کوژراو لە تەواوی ئێران

بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی مافه‌كانی مرۆڤی ئێران، زیاتر لە 300 کەس بەهۆی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران گیانیان لەدەستداوە.

دامه‌رزاوه‌ی مافه‌كانی مرۆڤی ئێران بڵاویكرده‌وه‌، له‌ خۆپیشاندانه‌كانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، كه‌ دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئه‌مینی ده‌ستیپێكرد، 304 کەس گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران کە ئۆفیسی سەرەکی لە وڵاتی نەوریجە، راپۆرتێکی تایبەتی لەبارەی قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی ئێران بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەداوە، زیاتر لە 50 رۆژە لە کۆی 31 پارێزگای ئێران خۆپیشاندان لە 22 ئێران بەردەوامە، لە پارێزگاکانی‌ سیسستان - به‌لوجستان، مازنده‌ران، تاران، سنە و گیلان بووه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌،‌ له‌ سیستان-به‌لوجستان 118 کەس، له‌ مازنده‌ران 33، له‌ تاران 30، له‌ سنە 26، له‌ گیلان 22، له‌ ئازه‌ربایجانی خۆرئاوا 21، له‌ كرماشان 13، له‌ ئه‌لبورز نۆ کەس کەس گیانیان لەدەستداوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، 41 كه‌س له‌وانه‌ی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ ته‌مه‌نیان له‌ خوار 18 ساڵه‌ و لەنێویاندا 24 ژن هەن.