ئاوات شێخ جەناب: لەپێناو بە دەستهێنانی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەچینە بەغدا

"بەو هیوایەین لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا بتوانین مافە رەواکانی گەلی کورد بەدەستبهێنین"

K24 - سلێمانی:

وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم رایگەیاند، لە پێناو بە دەستهێنانی بەشە بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچنە بەغدا و دەشڵێت، ئامانجییان گفتووگۆکردنە لەسەر یاسای بودجە.

ئەمڕۆ دووشەممە (7-11-2022)، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، شاندێکی کونسوڵخانەی گشتیی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لە هەولێر سەردانی وەزارەتی داراییان کردووە کە پێکهاتبوون لە زەهرا بێل جێگری سەرۆکی کونسوڵ و هیس بەیلی سەرۆکی بەشی ئابووری.

ئاماژەی بەوەشکردووە، له کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی و ئابووری گوتی:" ئێمە بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی حکومەتی نوێی عێراق دەبین، بەو هیوایەین لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا بتوانین مافە رەواکانی گەلی کورد بەدەستبهێنین".

سەبارەت بە سەردانیکردنی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، ئاوات شێخ جەناب ئەوەی خستەوەتەڕوو: "ئێمە لە پێناو بەدەستهێنانی بەشە بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچینە بەغدا"، هیواشی خواستووە سەرەتایەکی باش بێت بۆ لێکتێگەیشتن  و دانووستانەکان بۆ ئەوەی مافەکانی گەلی کورد بە پارێزراوی بەدیبێت.

لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم باسی لەوەکرد: "ئامانجیشیان گفتوگۆکردنە لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجەی 2023 و دەبێت بەپێی دەستوور دۆسیەی نەوت و غاز چارەسەر بکرێت".

هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان بە دید و بۆچوونەکانی وەزیری دارایی دەربڕیووە و جەختیانکردووەتەوە کە بە هەموو شێوەیەک هاوکاری رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێمی کوردستان دەکەن".

بڕیاربوو سبەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکەن، بەڵام ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بە کوردستان24ـی راگەیاند، سبەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچێتە بەغدا و چاوەڕێ دەکەن حکومەتی عێراق وادەیان بۆ دیاری بکات ئەو کات دەچنە بەغدا.