کارگەی بنەتۆ لە سلێمانی کرایەوە

K24 – هەولێر

بە ئامادەبوونی وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان کارگەی بنەتۆ لە سلێمانی کرایەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 8/11/2022، بە ئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دوو پڕۆژەی لە سلێمانی کرانەوە، یەکێک لە پرۆژەکان کارگەی پاککردنەوەی  بنەتۆی جووتیاران بوو.

وەزیری کشتوکاڵ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تێچووی کارگەی بنەتۆ لە سلێمانی نزیکەی دوو ملیارە دینارە و توانای پاککردنەوەی بنەتۆ لەم کارگەیە لە کاتژمێرێکدا 10 بۆ 12 تۆنە، بە لۆگۆی تایبەتی وەزارەتی کشتوکاڵی ئامادە دەکرێت بۆ جووتیاران.

بێگەرد تاڵەبانی، ئاماژەی بە باشی کوالیتی بەرهەمی بنەتۆی هەرێمی کوردستان دا و رایگەیاند، کەمترین کۆمپانیای بیانی رکابەری دەکەن بەهۆی لەبارەی کەشوهەوای هەرێمی کوردستان. هەروەها پاڵپشتی وەزارەتی کشتوکاڵی بۆ جووتیاران دوپاتکردەوە، لە وەرگرتنی بەرهەمەکانیان.