نۆ پەنابەری سووری لە تورکیا گیانیان لەدەستدا

هەشتیان منداڵن
دیمەنێکی ئەو ماڵەی ئاگری لێکەوتووەتەوە
دیمەنێکی ئەو ماڵەی ئاگری لێکەوتووەتەوە

K24 – هەولێر

بەهۆی رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە پارێزگای بورسای تورکیا نۆ پەنابەری سووری گیانیان لەدەستدا، هەشتیان منداڵن.

بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، درەنگانی شەوی رابردوو بەهۆی رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە قەزای یەڵدرم-ی سەر بە پارێزگای بورسای تورکیا نۆ پەنابەری سووری گیانیان لەدەستدا، کە ژنێک و هەشت منداڵن.

بەپێی زانیارییەکان تەمەنی منداڵەکان لەنێوان یەک تا 11 ساڵیدایە شەش لە منداڵەکان ئەندامی یەک خێزانن دوو دیکەش خزمی نزیکی ئەوانن.

بەگوتەی بەرپرسانی بەرگری شارستانی قەزای یەڵدرم، باوکی شەش منداڵەکە لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانی رزگار کراوە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئاگرەکە بەهۆی سۆپاوە کەوتووەتەوە و ئەو ژن و منداڵەکانیش بەهۆی دووکەڵەوە خنکاون.

دوای ساڵی 2011 بەهۆی دۆخی سیاسی سووریا، بەشێک لە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە روویان کردە وڵاتانی دراوسێ، بەگوێرەی دوایین ئامار تائێستا سێ ملیۆن و 600 هەزار پەنابەری سووری لە تورکیا نیشتەجێن.

.
.
.
.