تاڵیبان چوونی ژنان بۆ پارکەکانی کابول قەدەخەدەکات

خوێندکارانی زانکۆی کابول - وێنە: AFP
خوێندکارانی زانکۆی کابول - وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

وەزارەتی (فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە)ـی حکومەتی تاڵیبان چوونی ژنان بۆ پارکەکانی کابولی پایتەختی ئەفغانستان قەدەخەدەکات.

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری گوتەبێژی وەزارەتی (فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە)ـی حکومەتی تاڵیبان بڵاویکردەوە، کە چوونی ژنان بۆ پارکە گشتییەکانی کابول قەدەخەدەکرێت، بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتر بخاتەڕوو.

لە کاتێکدا روون نەبووەتەوە ئەم بڕیارە تا چەندێك کاریگەری لەسەر بڕیارێکی پێشووتری وەزارەتەکە دەبێت کە مەرجی ئەوە بوو پارک و شوێنە کراوەکان، بەپێی رەگەز جیابکرێنەوە و رۆژانی دیاریکراو بۆ ژنان تەرخان بکرێت.

پێشتر نێردەی تایبەتی ئەمەریکا لە ئەفغانستان نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو سیاسەتانەی کە بزووتنەوەی "تالیبان" سەبارەت بە ژنان و کچان رایانگەیاندووە.

نێردەی تایبەتی ئەمەریکا ئەو سیاسەتانەی تاڵیبانی بە "سوکایەتیکردن بە مافەکانی مرۆڤ" وەسفکرد و گوتی: کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا هەیە.