پڕۆژەیەكی ئاوەڕۆ بە درێژایی 1200 مەتر لە شاری هەولێر دروستدەكرێت

دیمەنێکی کارکردن لە پڕۆژەکە
دیمەنێکی کارکردن لە پڕۆژەکە

K24 - هەولێر

لە چوارچێوەی هەوڵەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی چارەسەركردنی گرفتی كۆبوونەوەی ئاوی باران و ئەگەری دروستبوونی لافاو لە شاری هەولێردا، پڕۆژەى ئاوەڕۆى سندووقى شەقامی 30 مەترى بۆ 60 مەتری بە گوژمەی نزیکەی دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار  جێبەجێدەکرێت.

وەزارەتی شارەوانی رایگەیاندووە، ئەو پڕۆژەیە پڕۆژەیەکى گەورەیە و بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێری سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی دەكات، ئێستاش بەشێكی پرۆژەكە لەسەر شەقامی 60 مەتری تەواو كراوە و كاری بەشەكەى دیكەش لە شەقامى 30 مەترى تەواو دەكرێت.

پڕۆژەکە پێكهاتووە لە دروستكردنی ئاوەڕۆیەكی سندووقی بە درێژایی 1200 مەتر لەسەر شەقامی 30 مەتری لە نزیك باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە تا شەقامی 60 مەتری نزیك سایلۆ درێژ دەبێتەوە.

وەزارەتی شارەوانی ئاماژەی بەوەشکردووە، بە تەواوبووی كۆی بەشەكانی پڕۆژەكە، گرفتی کۆبوونەوەی ئاوی باران لە شەقامی 30 مەتری نامێنێت و گوشاریش لەسەر تۆڕەکانی ئاوەڕۆی سنوورەكە چارەسەر دەکات، هاوكات سیستەمی ئاوەڕۆی سەنتەری شاری هەولێر لەم زۆنەدا پێشوەچوونێكی زۆر باش بەخۆیەوە دەبینێت، جگە لەم پڕۆژەیە ئێستا چەند پرۆژەیەكی دیكەی ئاوەڕۆ لە شاری هەولێر لە قۆناغی جێبەجێكردندان.