زیلێنکسی: رووسیا ژێرخانی خیرسۆنی وێرانکردووە
K24 - هەولێر
ڤۆلۆدیمێر زیلێنکسی سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، سوپای رووسیا لەو ماوەیەی کۆنترۆڵی خیرسۆنیان لەدەستدابووە، ژێرخانی شارەکەیان بە تەواوی وێرانکردووە.
زیلێنسکی، رووبەڕووبوونەوەکانی ئێستای ناوچەکانی دۆنێتسک و رۆژهەڵاتی ئۆکرانیای بە جەهەنەم وەسفکرد و گوتی "لە پاش کشانەوەی رووسیا، جوداخوازەکانی دۆنێستک بەشێوەیەکی زۆر توندتر دەجەنگن و دەست لە هیچ شتێک ناپارێزن".
سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەشدا، سەرکەوتنی ئۆکرانیا لە جەنگی خیرسۆن دەگەڕێتەوە بۆ خۆڕاگرییان لە ناوچەکانی رۆژهەڵات و بەرپەرچدانەوەی هێرشە بەردەوامەکانی رووسیا و میلیشیاکانی لەو سنوورانە.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی 11ی ئەم مانگە سوپای رووسیا لە خێرسۆن بە تەواوی کشایەوە، رۆژی دواتر سوپای ئۆکرانیا چوونە ناو شاری خیرسۆن و پەیامی ئازادکردنی شارەکەیان بڵاوکردەوە.