دوای تویتەر و فەیسبووک ئەمازۆنیش بەشێک لە کارمەندەکانی رەوانەی ماڵەوە دەکات

.
.

K24 - هەولێر:

میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویانکردەوە، دوای پلانی رەوانەکردنەوەی کارمەندەکانیان لەلایەن کۆمپانیاکانی تویتەر و فەیسبوک، کۆمپانیای ئەمازۆنیش بەنیازە 10 هەزار کارمەند لەکارەکانیان دووربخاتەوە.

میدیا ئەمەریکییەکان باس لەوەش دەکەن، ئەو پلانەی کۆمپانیای ئەمازۆن لە چوارچێوەی هەوڵەکانییەتی بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی، پلانی لەکارلادانی ئەو کارمەندانەش بەڕێژەی لەسەدا دوو بودجەی کۆمپانیاکە دەگێڕێتەوە.

لەکارلادانی ئەو 10 هەزار کارمەندە جێبەجیکردنی گەورەترین پلانی کەمکردنەوەی کارمەندە لە ئەمازۆن و پێشبینیش دەکرێت کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بوارەکانی تەکنۆلۆژیا و سەرچاوەمرۆییەکانی کۆمپانیاکە هەبێت.

کۆمپانیای ئەمازۆنی ئەمەریکی کە لەلایەن جێف بێزۆسەوە خاوەندارێتی دەرکرێت، گەورەترین کۆمپانیای تایبەت بە کڕین و فرۆشتنی ئۆنلاینە و ژمارەی کارمەندەکانی لەسەرانسەری جیهاندا دەگاتە 800 هەزار کارمەندە.