هه‌ولێر.. سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆك كۆماری عێراق كۆبوونه‌وه‌

هه‌ولێر.. سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆككۆماری عێراق كۆبوونه‌وه‌
هه‌ولێر.. سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆككۆماری عێراق كۆبوونه‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆك كۆماری عێراق، له‌باره‌ی ره‌وشی سیاسی عێراق و تێپه‌ڕاندنی ئاڵنگارییه‌كان كۆبوونه‌وه‌. 

ماڵپه‌ڕی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 15ـی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: رێواز فائق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونی هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، پێشوازی له‌ له‌تیف ره‌شید سه‌رۆككۆماری عێراقی فیدراڵ كرد.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆك كۆماری عێراق، باسییان له‌ ره‌وشی سیاسی عێراق و كوردستان كرد، هه‌روه‌ها دوایین په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێیی حكومه‌تی عێراق و تێپه‌ڕاندنی ئاڵنگارییه‌كان گفتوگۆیان له‌باره‌وە كرا.

هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا كرده‌وه‌، له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراقی فیدراڵ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا.

زه‌مینه‌سازی بۆ لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌ش و ده‌ستپێشخه‌ری لێكنزیكبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان، زاڵبوونی زمانی دیالۆگ به‌سه‌ر روانگه‌ جیاوازه‌كانی دیكه‌دا، له‌ پێناو یه‌كڕیزی نیشتمانی و پارێزگاریكردن له‌ قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و سه‌روه‌ری خاكی عێراق، ته‌وه‌ری دیكه‌ی گفتوگۆكانی نێوان سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆككۆماری عێراق بوو.