کارگەکانی ئاسن لە کوردستان 10 هەزار هەلی کاریان رەخساندووە

داوای قەدەغەکردنی بۆڕی و شیشی هاوردە دەکەن

K24 – هەولێر

بەگوێرەی ئاماری دەستەی وەبەرهێنان، کارگەکانی ئاسن لە هەرێمی کوردستان 10 هەزار هەلی کاریان رەخساندووە.

بەشێک لە خاوەن کارگەکانی بۆڕی و ئاسن لە شاری هەولێر لەگەڵ وەزيری بازرگانی و پیشەسازی و  سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و نوێنەری ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوە، کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی بە تایبەت شیش و  بۆڕی.

 لە کۆبوونەوەکەدا خاوەن کارگەکانی شیش داوایان لە حکومەت کردووە کە رێگە لە شیشی هاوردە بگیرێت، چونکە ئێستا بەهۆی ئەوەی هاوردە بەردەوامە بەرهەمی ئەوان کەمتر ساغدەبێتەوە، بۆیە ناچار بوونە بەشێکیان کارگەکانیان رابگرن یان بڕی بەرهەمهێنان کەمبکەنەوە.

 د. محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند، داواکاری خاوەن کارگەکانی شیش رەوایە و پشتگیری تەواویان دەکەن، چونکە کوالێتی بەرهەمەکانیان بەرزە و زیاتر لە 10 هەزار هەلی کاری راستەوخۆیان رەخساندووە، قەدەغەکردنی هاوردەی شیشیش قازانجی بۆ هەموو لایەک هەیە.