پەرلەمانی ئەوروپا گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران هەڵپەسارد

رۆبێرتۆ مێتسولا سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا
رۆبێرتۆ مێتسولا سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا

K24 – هەولێر

سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا هاوکات لەگەڵ دووپاتکردنەوەی پشتگیری لە خۆپێشاندانەکانی ئێران و ئاماژەدان بە گەمارۆکانی حکومەتی تاران دژ بە چەند ئەندامێکی پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاند، بە شێوەیەکی کاتی پەیوەندی راستەوخۆی ئەندامانی لیژنە و کۆمیسیۆنەکانی ئەو پەرلەمانە لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی هەڵدەپەسێرن.

رۆبێرتۆ مێتسولا سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا، رۆژی 21ـی تشرینی دووەم گوتی: یەکێتی ئەوروپا بە تەواوی دژی لەسێدارەدان و سەرکوتی خۆپێشاندان و خواستی رەوای هاووڵاتیانی ئێرانییە و داوا لە بەرپرسانی ئێرانیش دەکەین بەزووترین کات کۆتایی بەو دۆخە بێنن.

ئەو گوتی: وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ گەمارۆی قبووڵنەکراوی کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە چەند ئەندامێکی پەرلەمانی ئەوروپا، بە شێوەیەکی کاتی پەیوەندی راستەوخۆی ئەندامانی لیژنە و کۆمیسیۆنەکانی ئەو پەرلەمانە لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی هەڵدەپەسێرن.

خاتوو مێتسولا لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ئێمە پشت لەو خۆپێشاندەرانە ناکەین کە لەسەر شەقامەکانی ئێران چاویان لە ئیمەیە. ئێمە لەگەڵ خەڵکی ئێران دەمێنینەوە.

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بیانووی "پشتگیری لە تیرۆریزم و گرووپە تیرۆریستییەکان، هاندانی تیرۆر و توندوتیژی کە بوونەتە هۆی ئاژاوەگێڕی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دژ بە نەتەوەی ئێران"، گەمارۆی خستەسەر چوار ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا.