هێرشێکی چەکداری لە ئەمەریکا کوژراو و برینداری لێکەوتەوە
K24 - هەولێر:
لە شاری چیساپیکی ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمەریکا هێرشێکی چەکداری کرایە سەر لقێکی زنجیرە مارکێتەکانی والمارت و ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
لیۆ کۆسینسکی، ئەفسەری زانیاری گشتی پۆلیسی چیساپیک رایگەیاند، کاتژمێر 10:12 خولەکی شەوی رابردوو لە رووداوێکی تەقەکردن ئاگادارکراونەتەوە و کاتێك گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، چەندین کوژراو و برینداریان دۆزیوەتەوە.
کۆسینسکی گوتی: بەپێی لێکۆڵێنەوە سەرەتاییەکان، لە هێرشەکەدا 10 کەس کوژراون و چەکدارێکیش لە رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ پۆلیسدا کوژراوە.
بەرپرسی شارەکە داوایان لە هاووڵاتییان کرد، هەتا کاتی تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان نزیک شوێنی رووداوەکە نەکەون.