جه‌مال كۆچه‌ر: 300 هه‌زار فه‌رمانبه‌ری بندیوار له‌ عێراقدا هه‌یه‌

جه‌مال كۆچه‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
جه‌مال كۆچه‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاشكرایده‌كات، زیاتر له‌ 550 هه‌زار فه‌رمانبه‌ری بندیوار و ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ هه‌یه‌ كه‌ زیاتر له‌ مووچه‌یه‌ك وه‌رده‌گرن.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (26ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بە رۆژنامەی سەباحی نیمچەفەرمی عێراقی راگەیاندووە، دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بۆ مانگی تشرینی دووەم بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەهۆی چاکسازیکردن بووە لە لیستی مووچەدا.

جه‌مال كۆچه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، زیاتر لە 300 هەزار فەرمانبەری بندیوار لە عێراقدا هەیە، لەگەڵ 250 هەزار فەرمانبەر کە مانگانە دوو مووچە و سێ مووچە وەردەگرن.

هاوکات شه‌ممه‌ (26ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2023ی عێراق کرد.

بەپێی راگەیاندراوێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، سوودانی لە کۆبوونەوەکەدا جەختیکردەوە لەسەر پێویستی ئامادەکردنی پرۆژەیاسای بودجە بە زووترین کات و پێشکەشکردنی بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

سوودانی لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە پرۆژەی یاسای بودجەدا کاری لە پێشینەیان رووبەڕووبوونەوەی بێکاری، کەمکردنەوەی هەژاری، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە.

بەگوێرەى کارنامەى كابینه‌كه‌ی سوودانى، پێویستە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، حكومه‌تی هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى لە بارەى داڕشتنه‌وه‌ی پڕۆژەیاساى بودجەى ساڵی 2023 رێکبکەون.

بەپێی پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان، 8ى کانوونى یەکەمى 2022، وەرزى دووەمى یاسادانانى ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق کۆتاییدێت، ئەگەر تاوەکو ئەوکاتە پڕۆژەیاساى بودجە له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ پێشكه‌شنه‌كرێت، ئەوا په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو.

پێشتریش ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجوونه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، پێشبینی كردبوو، پڕۆژە یاسای بودجەی 2023ی عێراق، لەسەرەتای ساڵی داهاتوو بگاتە ده‌ستیان،پێشنیازیشیان كردووه‌، نرخی نەوت بە 75 دۆلار بخەمڵێندرێت.

هه‌روه‌ها روونیكردبووه‌وه‌، ئه‌گەر نرخی نەوت بە 75 دۆلار بخەمڵێندرێت لە بودجەی 2023، ئەوا داهات نەوتی دەگاتە 127 ترلیۆن دینار و داهاتی نانەوتیش دەگاتە 20 ترلیۆن دینار، بۆیه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كرێت بودجه‌ی 2023ی عێراق بگاته‌ نزیكه‌ی 150 ترلیۆن دینار.