بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه: هه‌ماهه‌نگی ته‌واو له‌نێوان هێزه‌كانی پاسداران و پژاك هه‌یه

K24 – هه‌ولێر:
بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد به هه‌ماهه‌نگی حكومه‌تی عێراق بۆ كۆنترۆڵكردنی سنووره‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه (28ـی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، سه‌ربه‌ست له‌زگین، بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی به‌شداریكردنی له به‌رنامه‌ی باسی رۆژی كوردستان24 كه ژینۆ محه‌ممه‌د پێشكه‌شیكرد، رایگه‌یاند، به‌هۆی كه‌می میلاكی لیواكانی پاسه‌وانی سنوور نه‌تواندراوه به ته‌واوی كۆنترۆڵی سنووره‌كان بكرێت.
بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه روونیكرده‌وه، هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی 600 كیلۆمه‌تر سنووری هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ وڵاتی ئێران و زیاتر له 300 كیلۆمه‌تر سنووری هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه، به‌هۆی سه‌ختی هه‌ندێك له‌ناوچه سنوورییه‌كان و بوونی چه‌كدارانی په‌كه‌كه، هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور نه‌گه‌یشتوونه‌ته خاڵی سفری سنووری نێوان هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ی دراوسێ.
سه‌باره‌ت به هێرشه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر باره‌گاكانی هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ربه‌ست له‌زگین ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، هه‌رچه‌نده باره‌گاكانی چه‌كدارانی پژاك كه به‌شێكن له په‌كه‌كه هاوسنووره له‌گه‌ڵ ئێران، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه ئه‌و هێزه بۆردوماننه‌كراون، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه، هه‌ماهه‌نگی ته‌واو له‌نێوان سوپای پاسداران و پژاك هه‌یه.
سه‌ربه‌ست له‌زگین ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، تۆمه‌تباركردنی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه به‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر ئاسایشی ناوخۆی ئه‌و وڵاته، بنه‌مایه‌كی دروستی نییه و گوتیشی، سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان روونه كه ده‌یه‌وێت فاكته‌ری ئاشتی و سه‌قامگیری بێت له‌ناوچه‌كه، هه‌روه‌ها كێشه‌كان به دیالۆگ چاره‌سه‌ربكرێن.
هه‌روه‌ها بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه روونیكره‌وه، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر هاوكاریكردنی په‌نابه‌رانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له رووی مرۆییه‌وه و دووپاتیكرده‌وه، هاووڵاتییانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه به‌ماڵ و منداڵه‌وه روویان له هه‌رێمی كوردستان كردووه و ژیانی خۆیان ده‌كه‌ن و رێگه‌ش نادرێت چالاكی چه‌كداری له‌ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانه‌وه له‌دژی وڵاتانی دراوسێ ئه‌نجامبده‌ن.
له ئه‌گه‌ری هه‌ر په‌لامارێكی سه‌ربازی بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن وڵاتانی دراوسێوه، بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه روونیكرده‌وه، هه‌رێمی كوردستان هێزی ته‌ماشاكه‌ر نابێت ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌ر هه‌وڵێك بۆ داگیركردنی بدرێت و تا توانایان هه‌بێت به‌رگری له خاكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن.
له‌باره‌ی رۆڵی حكومه‌تی عێراق له پاراستنی سنووره‌كان، سه‌ربه‌ست له‌زگین ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، حكومه‌تی عێراقی سه‌ركه‌وتوونه‌بووه له سه‌پاندنی كۆنترۆڵی ئه‌منی له‌سه‌ر ناوچه سنوورییه‌كان و باسی له‌وه‌شكرد، كاریگه‌ری ده‌ره‌كی رۆڵی هه‌بووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، رێگری هه‌بووه له كۆنترۆڵكردنی ئه‌منی و سه‌ربازی له ناوچه‌سنوورییه‌كان به‌تایبه‌تیش له ناوچه‌ی شنگال، گوتیشی، به‌هۆی پشتیوانییه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له هێزه چه‌كداره‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه له‌رووی پێدانی مووچه و دابینكردنی پێداویستی سه‌ربازی، یه‌كێك له هۆكاره‌كانه بۆ سه‌پاندنی ئاسایش و سه‌قامگیری له‌ناوچه‌كه له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، سه‌ربه‌ست له‌زگین دووپاتیكرده‌وه، به‌هۆی نه‌بوونی سیسته‌می به‌رگری ئاسمانی له عێراق، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی ئاسمانی عێراق به‌ده‌ست لایه‌نی دیكه‌وه بێت و ئێستاش هه‌وڵێك هه‌یه بۆ دابینكردنی سیسته‌مێكی به‌رگری ئاسمانی بۆ عێراق به هه‌رێمی كوردستانه‌وه.