سوپای تورکیا چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستانی تۆپبارانکرد

سوپای تورکیا
سوپای تورکیا

K24 – هەولێر

سوپای تورکیا گوندەکانی دەوروبەری کۆبانێ، عەفرین، تەلرەفعەت و تەلتەمری رۆژئاوای کوردستانی تۆپباران کرد و بەهۆیەوە دوو هاووڵاتی برینداربوون.

روانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ، بڵاویکردەوە، سوپای تورکیا شەوی رابردوو (سێشەممە ٢٩ـی تشرینی دووەم) چەندین گوندی نێوان عەفرین و تەلرەفعەت و ژمارەیەک گوندی ناوچەی شێراوای تۆپبارانکرد و لە ئەنجامدا دوو دانیشتووی گوندی سوخانەکێی سەر بە ناوچەی شێرئاوا برینداربوونە.

هاوکات سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە، چەندین گوندی دەوروبەری شاری حەسەکە و رەقەیان تۆپبارانکردووە.

لە رۆژی ٢٠ـی تشرینی دووەم سوپای تورکیا هێرشی ئاسمانی بۆ چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا دەستپێکردووە و چەندین شوێنی سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ـی بۆردوومانکردووە.

رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، بەردەوام هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا دەکات و دەڵێ، بەزووترین کات ئەو هێرشانە دەکەین.