تاران بۆ ئەنقەرە: هێرشی وشکانی دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات

وەزیرانی دەرەوەی ئێران و تورکیا
وەزیرانی دەرەوەی ئێران و تورکیا

K24 – هەولێر

وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئامادەیی حکومەتەکەی بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق دەربڕی و دووپاتیکردەوە، هێرشی وشکانی دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.

لە ٢٢ـی تشرینی دووەمەوە، سوپای تورکیا چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریای تۆپباران کردووە. تورکیا هێزی لەسەر سنووری هاوبەشی لەگەڵ سووریا کۆکردووەتەوە و نایشارێتەوە نیازی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ قووڵایی خاکی سووریا هەیە و دووپاتیدەکەنەوە، "بۆ هێرشکردنەکە مۆڵەت لە هیچ کەس و لایەنێک وەرناگرین".

ئەمەریکا دژی ئەو ئۆپەراسیۆنەی تورکیایە و رووسیاش داوای لێکردووە دانبەخۆیدا بگرێت و بەگفتوگۆ کێشەکان چارەبکەن.

ئێران، یەک لەو وڵاتانەیە رۆڵی تارادەیەک سەرەکی لە سووریا دەگێڕێت و هەر بۆیە ئەمیرحوسێن عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی تاران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەولود چاوشئۆغلو هاوتا تورکییەکەی خۆی، باسیان لە دواگۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کرد.

بە گوێرەی میدیاکانی ئێران، عەبدوڵڵاهیان بە چاوشئۆغلوی گوتووە، "ئێران لە نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا و پێویستیی چارەکردنیان، تێدەگات. گفتوگۆی ئەمنی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە، ئەنجامی باشی دەبێت و ئۆپەراسیۆنی وشکانی نەک کێشەکان چارەناکات، بەڵکو زیانی زیاتری لێدەکەوێتەوە و دۆخەلە ئاڵۆزتر دەکات".

عەبدوڵڵاهیان، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ چارەکردنی کێشە سیاسی و ئەمنییەکانی نێوان تورکیا و سووریای بە هاوتا تورکییەکەی خۆی راگەیاندووە.