نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان: داعش تاوانی جه‌نگی دژ به‌ كریستیانه‌كانی عێراق ئه‌نجامداوه‌

داعش تاوانی جه‌نگی دژ به‌ كریستیانه‌كانی عێراق ئه‌نجامداوه‌
داعش تاوانی جه‌نگی دژ به‌ كریستیانه‌كانی عێراق ئه‌نجامداوه‌

K24 – هه‌ولێر:

پێنج ساڵ بەسەر رووخانی خەلافەتی داعش و دەسەڵاتەکەی لەعێراق تێده‌په‌ڕێت، نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەردەوامن لە بنکۆڵکردنی  ئەو تاوانانەی داعش لەماوەی دەسەڵاتیدا لە عێراق لە  2014 بۆ 2017 ئەنجامیداون.

لیژنەی بەدواداچوونی نەتەوەیەکگرتووەکان راپۆرتێکی 26  لاپەڕەی سەبارەت بە تاوانەکانی داعش دژ بە کریستیانەکانی له‌ عێراق بڵاوکردەوە، کە بەشێکیان دەچنە چوارچێوەی تاوانی جەنگ و دژە مرۆڤایەتی.

بەگوێره‌ی راپۆرتی لیژنەکەی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، داعش لەماوەی حوکڕانیدا لە ناوچە کریستیاننشینەکانی وەک مووسڵ، بەعشیقە، بەرتلە و حەمدانییە، خەڵکی ناچارکردووە ناوچەکانیان جێبهێڵن و سزایداون و بەشێکیانیشی کوشتوون.

هەروەها داعش دەستیگرت بەسەر ماڵ و موڵکەکانیان و بەزۆر ئاینی پێگۆڕیون و دەستدرێژی کردووەتە سەر شوێنە پیرۆزەکانیان و وێرانیکردوون، یاخود بۆ مەبەستی دیکە بەکاریهێناون.

نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتەکەدا لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی کردووە لەلایەن داعشەوە دژی کریستیانەکان و پێکهاتەکانی دیکە لە ناوچەی بادوشی نزیک موسڵ و ناوچەکانی تکریت، هەروەها هەستاون بە کوشتنی بە کۆمەڵی دیلەکان لە بەشێک لە زیندانەکان، کە هەموو ئەمانە بە تاوانی جەنگ دەناسرێن.

نەتەوەیەکگرتووەکان لەڕێگەی لیژنە مەیدانییەکانیەوە بەردەوامە لە بەدواداچوون بۆ تاوانەکانی داعش، راپۆرتی تایبەت بە تاوانی جەنگی دژی کریستیانەکان رەوانەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کراوە، بەمەبەستی تاوتوێکردن و دەنگدان لەسەری.