وەزارەتی پێشمەرگە سەرقاڵی پێکهێنانی دوو فیرقەیە

K24 – هەولێر

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی پێکهێنانی دوو فیرقەی سەربازی و جێبەجێکردنی چاکسازی و چەند گۆڕانکارییەکە.

عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگە بە کوردستان٢٤ دەڵێت: لە پرۆسەی یەکخستنەوە تا ئێستا ٢٢ لیوا لە یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ گواسترانەتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.

هەروەها رایگەیاند: پڕۆژەی یەکگرتنەوەی یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ قۆناغ بە قۆناغ هاتووە، لە دوایین هەنگاو دوو لیوا ماون بۆ ئەوەی بینە ناو دامەرزوەی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە، بەهەمان شێوە وەزارەتی پێشمەرگە ئێستا لە قۆناغی دروستکردنی دوو فیرقە دایە.

رۆژی ٢٢ـی تشرینی یەکەم، سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بە کوردستان٢٤ـی گوت: بەپێی ئەو پلانەی داندراوە تا چوار ساڵی داهاتوو دەبێت تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارتی پێشمەرگە یەکبخرێن".

لەلایەکی دیکەوە رۆژی 23ـی تشرینی یه‌كه‌م، فەریق روكن عیسا عوزێر سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی  نوێنەری هێزەكانی 70 ، 80 و نوێنەری هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی كوردستان، سه‌رپه‌رشتی كۆبونەوەیەكی تایبەت بە پێكهێنانی دوو فیرقەی سەربازی كرد، كە پێشتر بە مەبەستی كۆكردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەپێی "سیاقاتی عەسكەری بۆ تەئمینكردنی  قیادە و سەیتەرە"، بڕیاری پێكهێنانی لەسەردرابوو.

سەرۆكی ئەركانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، لەگەڵ ئاماژەدان بە گرنگی پێكهێنانی فرقەكان و هەماهەنگی لەنێوان میحوەركان و یەكە سەربازییەكانی دیك، رایگەیاندووە، "وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت لە گۆڕانكارییەكان و چاودێریكردنی ئەو فەرمان و بڕیارانەی بۆ رێكخستەوەی هێزەكانی پێشمەرگه‌ ده‌ركراون."